هێڵی ئاسمانیی قەتەر گەشتەکانی بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی ریاز و دەمام راگرت

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2026، هێڵی ئاسمانیی قەتەری لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا راگەیاند، بەهۆی دۆخی ئێستاوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی ریاز و دەمام لە سعوودیە بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە.


کۆمپانیاکە روونیکردووەتەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە نزیکەوە چاودێریی دوایین پێشهاتەکانی ناو سعوودیە دەکات و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پاراستنی گیان و سەلامەتیی سەرنشینان و ستافەکەی لە پێشینەی کارەکانیاندایە. هاوکات داوا لە گەشتیاران کراوە سەردانی وێبسایتی (qatarairways.com) یان ئەپڵیکەیشنی هێڵەکە بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخی گەشتەکانیان.

راگرتنی گەشتەکان لە کاتێکدایە کە شەوی رابردوو ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ریازی پایتەختی سعوودیە بیستراوە و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەش پەیامی بەپەلەی هۆشدارییان ئاراستەی هاووڵاتییان کردووە تا لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، ئەوەش بەهۆی هەبوونی "هەڕەشەیەکی ئاسمانیی دوژمنکارانە"، هەروەها داوایان لێکراوە لە دەرگا و پەنجەرەکان دوور بکەونەوە و پابەندی رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی بن.

پێشتریش دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە ئاشکرای کردبوو، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێوارەی یەکشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2026 بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ریاز، هاووڵاتییەکی بە رەگەز پاکستانی گیانی لەدەستداوە و 11 کەسی دیکەش بریندار بوون.

هاوکات حوسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتیی هێرشێکی رۆژی شەممەیان بۆ سەر هەمان فڕۆکەخانە لە ئەستۆ گرتبوو، کە بووە هۆی کوژرانی 13 کەس و برینداربوونی 309 کەسی دیکە.


AM:10:08:13/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو