رۆژنامەیەکی نزیک لە قالیباف: واشنتۆن و تەلئەبیب بڕیاری دەستپێکردنی جەنگێکی نوێیان داوە

‌

وێستگەنیوز-

رۆژنامەی "خۆراسان"ی ئێرانی رایدەگەیەنێت، لێکدانەوەی پێشهاتەکانی هەفتەی رابردوو ئەوە دەسەلمێنن کە واشنتۆن و تەلئەبیب بڕیاری دەستپێکردنی خولێکی نوێی جەنگیان دژی تاران داوە، هاوکات پێشبینی دەکات ئاڵوگۆڕکردنی پەیامەکان پێش هەڵگیرسانی رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێی سەربازی، هیچ ئەنجامێکی بەرچاو بەدەستەوە نەدات.


رۆژنامەکە کە لە محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە نزیکە و وەک زمانحاڵی باڵە توندڕەوەکانی ناو دەسەڵات دەبینرێت، ئەمڕۆ یەکشەممە لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە: "هەر کەسێک ئەگەر کەمێکیش بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان و شیکارییەکانی هەفتەی رابردوو بکات، دەتوانێت بە ئاسانی تێبگات کە بڕیاری دەستپێکردنی شەڕی داهاتوو لە واشنتۆن و تەلئەبیب دراوە".

روونیشیکردووەتەوە کە تاران بەهۆی ئەزموونی ساڵانی رابردووی لەگەڵ ئەمریکییەکان، درک بەوە دەکات کە زۆر دوورە رێگەی دیپلۆماسی و نامەگۆڕینەوە سوودێکی هەبێت، لانیکەم تا دوای رووبەڕووبوونەوەی داهاتوو.

هەرچەندە لە راپۆرتەکەدا هیچ بەڵگەیەکی فەرمی و دیاریکراو نەخراوەتەڕوو کە سەلمێنەری بڕیارێکی لەو شێوەیە بێت، بەڵام هۆشداری دراوە کە ئاراستەی رووداوەکان بەرەو جەنگ هەنگاو دەنێن. رۆژنامەکە داوا دەکات: "پێویستە واز لە جەمسەرگیریی ناوخۆیی بهێنرێت و ئامادەکاری بۆ هەموو ئەو ئەگەرە سەربازییانە بکرێت کە واشنتۆن و تەلئەبیب پلانی بۆ دادەڕێژن بۆ تێکدانی سەقامگیریی وڵاتەکەمان".

لە هەمان کاتدا رەخنەی توند لە دابەشبوونی دیمەنی سیاسیی ناوخۆی ئێران گیراوە و ئاماژە بەوە کراوە، باڵی چاکسازیخوازان مانەوە و ژیانی سیاسیی خۆیان تەنها بە دانوستان و لێکتێگەیشتن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەستووەتەوە، لە بەرامبەریشدا رەوتی بەرامبەر بەردەوامیی خۆی لە رەتکردنەوەی هەر جۆرە گفتوگۆ و کارلێکێک لەگەڵ رۆژئاوادا دەبینێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە مشتومڕەکان لەسەر سوودی رێڕەوی دیپلۆماسی بەردەوامن.

ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە ململانێی نێوان تاران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە ساڵی 2026دا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار بەهۆی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان و جەنگی 40 رۆژە؛ سەرەڕای ئەوەی ئێران هەمیشە کارتی گەرووە ستراتیژییەکان وەک ئامرازی گوشار بەکاردەهێنێت، بەڵام گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ و توندبوونی هەڵوێستەکانی ئیسرائیل، ئاسۆی چارەسەری ئاشتییانەیان لاواز کردووە و ترسی رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی زیاتر کردووە.


PM:01:48:11/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو