دوای رێککەوتنێکی نەوتی لەگەڵ روووسیا؛ ترەمپ داوا دەکات سەرۆکێکی نوێ بۆ ئۆکراینا هەڵبژێردرێت
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە ئۆکراینییەکان سەرکردەیەکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان هەڵبژێرن کە توانای دانوستان و رێککەوتنی هەبێت، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، بۆی دەرکەوتووە سەرۆکی رووسیا بە توندی هەوڵی گەیشتن بە چارەسەر دەدات، بەڵام ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بەربەستە لەبەردەم کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
ترەمپ لە کاتی بەجێهێشتنی واشنتۆن بەرەو ویلایەتی تێنسی وتی: "زێلێنسکی دەیتوانی چەندین جار رێککەوتن بکات و شەڕەکە رابگرێت، بەڵام بڕیاریدا ئەوە نەکات، لە کاتێکدا زیاتر لە 30%ـی خاکەکەی لەدەستداوە و زیاتر لە 2 ملیۆن کەس کوژراون"، سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە ئەگەر لە ساڵی 2020 یان 2022 سەرۆک بووایە ئەم جەنگە هەرگیز رووینەدەدا، و جەختی کردەوە شەڕەکە بەهۆی بێتواناییەوە دەستی پێکردووە.
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکانی ئۆکراینای بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی رووسیا سەرکۆنە کرد و بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و دیزڵی زانی لەسەر ئاستی جیهان، کە کێشەی بۆ جووتیارانی ئەمریکاش دروستکردووە، بەپێی راپۆرتە هەواڵییەکانیش، پێشتر واشنتۆن شەش داواکاری ئاراستەی کیێڤ کردبوو بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە، بەڵام زێلێنسکی رەتیکردبوونەوە، تەنانەت ئەمریکا هەڕەشەی راگرتنی هاوکارییە هەواڵگرییەکانیشی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ پەردەی لەسەر رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ مۆسکۆ لادا بۆ دابینکردنی نزیکەی 4.8 ملیۆن تۆن دیزڵی رووسی بۆ بازاڕی جیهانی، کە لە قۆناغی یەکەمدا بە زیاتر لە 300 هەزار تۆن دەستپێدەکات و دواتر بە بڕی 500 هەزار تۆن و 1 ملیۆن تۆن و لە کۆتاییشدا 3 ملیۆن تۆنی تر رادەست دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی سزاکانی سەر کەرتی وزەی رووسیای هەڵپەساردووە.
ئەم هەنگاوە کاردانەوەی توندی لە ناوخۆی ئۆکراینا و ئەمریکادا بەدوای خۆیدا هێنا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رەخنەی توندی لە رێککەوتنەکە گرت و بە "وەبەرهێنان لە شەڕدا" و بەخشینی دیاری بە پوتین ناوزەندی کرد کە دەبێتە هۆی کوشتاری زیاتر، هاوکات شاندی ئۆکراینا دانوستانەکانی لە ئەمریکا بە نیوەچڵی جێهێشت و گەڕایەوە کیێڤ، ئەندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکرایناش رایگەیاند: "زێلێنسکی پشتیوانی گەلی ئۆکراینای هەیە و لێدوانەکانی دەرەوە دەیسەلمێنن کە کارەکەی بە باشی دەکات".
لە گۆڕەپانی ئەمریکاشدا، مایک پێنس جێگری پێشووی سەرۆک، رێککەوتنەکەی ترەمپی بە "هێڵی رزگارکردن بۆ ماشێنی جەنگیی پوتین" ناوبرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی کرد. لە بەرامبەردا لە مۆسکۆ، کیریل دمیتریێڤ نوێنەری تایبەتی پوتین، داواکارییەکەی ترەمپی بۆ گۆڕینی زێلێنسکی بە رووداوێکی مێژوویی و گرنگ وەسف کرد.
لەسەر ئاستی مەیدانیش، هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە دیپلۆماسییەکان، هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا بۆ سەر هەرێمی زاپۆریژیا بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 20 کەس، کە سێ منداڵیان تێدایە، لەگەڵ برینداربوونی 18 کەسی دیکە، لە کاتێکدا چوار کەسی دیکەش لە هێرشێکی سەر کیێڤ بریندار بوون. زێلێنسکی لەبارەی هێرشەکانەوە رایگەیاند کە مۆسکۆ بە بۆردومانکردنی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون وەڵامی هەڵگرتنی سزاکانی هەناردەی سووتەمەنی داوەتەوە.
AM:08:52:11/10/2026
ئهم بابهته 364
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت