خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2026 بەخشرایە ناڤی پیلای

‌

وێستگەنیوز-

لیژنەی نۆبڵی نەرویج، ئەمڕۆ هەینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2026 بەخشییە نافانێتەم "ناڤی" پیلای، یاساناس و دادوەری ناوداری خەڵکی ئەفریقای باشوور و کۆمیساری باڵای پێشووی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک رێزلێنانێک لە کاروانی دوورودرێژی لە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری.


لیژنەی نۆبڵ ئاشکرای کرد، بەخشینی ئەم خەڵاتە بە پیلای بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانییەتی بۆ پێشخستنی ئاشتی و سەروەریی یاسای نێودەوڵەتی، لە پاڵ ئەو رۆڵە سەرەکییەی گێڕاویەتی لە بەدواداچوونی تاوانەکانی جەنگ، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی.

ناڤی پیلای، کە لە بنەچەی تاملی هیندییە، لە ساڵی 1941 لە گەڕەکێکی هەژارنشینی شاری دێربان لەدایکبووە و ئێستا تەمەنی 81 ساڵە، ناوبراو بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە یاسا لە زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی بەدەستهێناوە و یەکەم کۆمپانیای پارێزەریی تایبەت بە ژنێکی پێستتۆخی لە ناوچەی کوازولۆ ناتال دامەزراندووە.

لە سەردەمی دەسەڵاتی جیاکاریی رەگەزی (ئاپارتاید)دا لە ئەفریقای باشوور، پیلای ناوبانگێکی زۆری دەرکرد، کاتێک وەک پارێزەر بەرگری لە نێڵسۆن ماندێلا و تێکۆشەرانی دژ بە رژێمی ئاپارتاید کرد و لە ساڵی 1973 مافی بەدەستهێنانی پارێزەر و بارودۆخێکی باشتری بۆ زیندانیانی سیاسی لە دوورگەی رۆبن دەستەبەر کرد.

پاش ئەوەی نێڵسۆن ماندێلا بووە سەرۆک کۆماری ئەفریقای باشوور، پیلای وەک یەکەم ژنی خاوەن پێستی رەنگین (رەش) لە دادگای باڵای وڵاتەکە دەستنیشان کرا، دواتریش بەشداری لە دادگای سزای نێودەوڵەتیی رواندا و دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا کردووە، لە نێوان ساڵانی 2008 تا 2014 پۆستی کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگرت و لە ئێستاشدا سەرۆکایەتیی لیژنەی نێودەوڵەتی دژی سزای لەسێدارەدان دەکات.

لە کاروانی کارکردنیدا، ناڤی پیلای سەرۆکایەتیی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە تایبەت بە پێشێلکارییەکان لە ئیسرائیل و فەلەستین، کە بەهۆیەوە رووبەڕووی تۆمەتی دژەجوولەکەیی بووەوە بەڵام جەختی لە پشتیوانییە ئەخلاقییە جیهانییەکەی لیژنەکە کردەوە، ئەو یاساناسە باسی لەوە کردووە کە گەورەبوونی لە کۆمەڵگەیەکی بێدادپەروەر هۆکاری سەرەکیی خەباتەکەی بووە دژی جیاکاری، هاوکات لە رابردوودا رەخنەی لە هەڵمەتەکانی سەرکوتکردن لە چەندین وڵاتی عەرەبی گرتووە و نیگەرانیی خۆیشی بەرامبەر خراپیی دۆخی بەڕێوەبردن و تاڵانکردنی داهاتی باجدەران لە ئەفریقای باشوور دەربڕیوە.


PM:12:49:09/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت