حو*سییە*کان هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەکانی سعوودیە
وێستگەنیوز-
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2026، گرووپی حو*سییە*کان زنجیرەیەک هێرشیان بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر چەندین فڕۆکەخانە و ناوەندی سەربازی لەناو خاکی سعوودیە ئەنجامدا، هاوکات هاوپەیمانیی پشتیوانیی شەرعییەتیش بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی هێرشە مووشەکییەکانی راگەیاند.
یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حو*سییە*کان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ئۆپەراسیۆنەکانیان فڕۆکەخانە و دامەزراوە سەربازییەکانی ریاز، ئەبها و خەمیس مەشیت، هاوشانی چەندین کەمپ و سەربازگەی پارێزگاکانی جازان و عەسیریان کردووەتە ئامانج، وتەبێژەکەی حو*سییە*کان باسی لەوەش کرد کە هێزەکانیان توانیویانە لە ئاسمانی پارێزگای جەوف فڕۆکەیەکی چاودێریی چەکدار لە جۆری (CH-4) بخەنە خوارەوە.
بە وتەی سەریع، هێرشەکانیان ئامانجەکانیان پێکاوە و بەهۆیەوە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی ئەبها پەکیان کەوتووە، لەگەڵ گەیاندنی زیان بە بنکەی خەمیس مەشیت و سووتانی کۆگاکانی چەک و کەوتنەوەی کوژراو و بریندار؛ بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆ راستیی ئەم زانیاری و زیانانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
لە وەڵامدا، هاوپەیمانیی پشتیوانیی شەرعییەت لە یەمەن رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی توانیویەتی مووشەکێکی بالیستی کە ئاراستەی خەمیس مەشیت کرابوو تێکبشکێنێت، لەگەڵ رێگریکردن و پووچەڵکردنەوەی مووشەکێکی تر لە باکووری ریاز پێش گەیشتنی بە ئامانجەکەی.
هاوپەیمانییەکە هێمای بۆ ئەوە کردووە کە شاری سەنعا و هەردوو پارێزگای سەعدە و عومران بنکەی سەرەکیی هەڕەشە مووشەکییەکانی حو*سییە*کانن بەرەو خاکی سعوودیە، جەختیشی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە و تێکشکاندنی تەواوی سەکۆکانی هاویشتن و سیستەمەکانی کارپێکردنی مووشەک.
AM:08:31:07/10/2026
ئهم بابهته 228
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت