سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی راگەیاند
وێستگەنیوز-
رۆژی دووشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2026، پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاند و رۆژی 29ی تشرینی دووەمی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکرد، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمان پڕۆژەیاسای تایبەت بە چارەسەری قەیرانی نیشتەجێبوونی رەتکردەوە.
سانچێز کە لە ساڵی 2018ـەوە لە پۆستی سەرۆک وەزیراندایە، ئاماژەی بەوە کرد: "بۆ ئەوەی بتوانین کاری زیاتر ئەنجام بدەین، پێویستیمان بە نوێکردنەوە و بەدەستهێنانی پشتیوانیی گەل هەیە"، ئامانجی خۆشی لەم هەنگاوە بە دەستەبەرکردنی زۆرینەیەکی پێشکەوتنخوازی فراوانتر لەناو پەرلەمان وەسف کرد.
شکستهێنانی حکومەت لە پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە لە رۆژی هەینیی رابردوودا، دوای ئەوە هات کە پارتی (جونتس)ـی جوداخوازی کەتەلۆنی دەنگی دژی دا، پڕۆژەکە بڕگەی نوێکردنەوەی ئۆتۆماتیکی بۆ گرێبەستی کرێنشینان و دانانی رێگری لە دەرکردنی ئەو کرێنشینانەی لە دۆخی هەژاریدان لەخۆدەگرت.
ئەم ململانێ سیاسییە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی شەقامەکانی گرتووەتەوە؛ رۆژی شەممە دەیان هەزار هاوڵاتی لە مەدرید و شارەکانی دیکە رژانە سەر شەقامەکان و داوای دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی هەرزانیان دەکرد، ئێستاش سەدان کەس لە ناوەندی مەدرید چادریان هەڵداوە.
ناڕەزایەتییەکان پاش ئەوە زیاتر تەقینەوە کە مانگی رابردوو خانەنشینێکی تەمەن 87 ساڵ بە ناوی (ماریکارمن ئاباسکال) لە شوقەکەی لە مەدرید دەرکرا کە بۆ ماوەی 7 دەیە تێیدا ژیابوو، ئەوەش کاتێک کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان شوقەکەی کڕییەوە و داوای زیادکردنی کرێیەکەی بە رێژەی 275% کرد، هەرچەندە دواتر بەهۆی گوشاری جەماوەرییەوە رێککەوتن کرا کە بە کرێیەکی کەم بگەڕێتەوە شوێنی خۆی.
بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی خانووبەرەی (Idealista)، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا تێکڕای نرخی کرێی خانوو لە ئیسپانیا نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە و نرخی کڕینی خانووش 90% بەرز بووەتەوە.
لە کاتێکدا پێشتر وادەی هەڵبژاردنی گشتیی ئیسپانیا بۆ ساڵی 2027 دانرابوو، نوێترین راپرسییەکان دەریدەخەن کە پارتی (گەل)ـی ئۆپۆزیسیۆن لە پێش پارتی سۆشیالیستی دەسەڵاتدارەوەیە.
AM:11:08:05/10/2026
ئهم بابهته 320
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت