سوپای یەمەن: زیاتر لە 1700 چەکداری ح*وو*سی کوژراون
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2026، هێزە چەکدارەکانی یەمەن دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی سەربازییان بە مەبەستی گێڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ سەرجەم ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی ح*وو*سییەکاندا بوون راگەیاند، هاوکات لەو چوارچێوەیەشدا زیاتر لە 1000 چالاکیی سەربازی ئەنجامدراون.
مەجید نزیلی، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان 1122 ئۆپەراسیۆنی وردیان دژی پێگەکانی ح*وو*سییەکان جێبەجێ کردووە، کە تێیدا ناوەندەکانی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵ، سەنگەرە بەرگرییەکان، بنکەی تۆپهاوێژ و مووشەک، رێگەکانی هاتووچۆ، هێڵەکانی دابینکردنی چەک و کۆبوونەوە سەربازییەکانی ئەو گرووپە بە ئامانج گیراون، رونیشیکردەوە کە لەو هێرشانەدا فڕۆکەی جەنگی، درۆن، تۆپهاوێژ، مووشەک و نیشانەشکێن بەکارهێنراون.
بەگوێرەی ئامارە مەیدانییەکان کە لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا 1747 چەکداری ح*وو*سی کوژراون و 364 ئۆتۆمبێل، کەرەستەی سەربازی و ئامرازی گواستنەوە و دابینکردنی پێداویستی لەناو براون، وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە پێکدادانەکان بەرەکانی سەعدە، جەوف، تەییز و میحوەرە کەناراوییەکانی گرتووەتەوە.
نزیلی جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ رزگارکردن و گێڕانەوەی خاکی دەوڵەت و دامەزراوەکانی، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی پێشتر لەلایەن رەشاد عەلیمی، سەرۆکی یەمەنەوە راگەیەندرا بوو.
ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانە دوای ئەوە دێت لە مانگی رابردوودا چەکدارانی ح*وو*سی هێرشەکانیان زیاتر کرد و هەوڵی پێشڕەوییان دا بەرەو کەناراوەکانی دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب، کە یەکێکە لە رێڕەوە سەرەکییەکانی کەشتییە بازرگانییەکان و تانکەرەکانی نەوت لە جیهاندا.
دوای چەند ساڵێک لە ئارامی، رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان لە یەمەن لە تەمووزی رابردووەوە سەریان هەڵدایەوە، ئەوەش بەهۆی تێکچوونی ئەو رێککەوتنی ئاگربەستەی کە لە ساڵی 2022 لەنێوان ح*وو*سییەکان و حکومەتدا واژۆ کرابوو، هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزبوونی ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا.
AM:09:03:05/10/2026
ئهم بابهته 356
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت