ئەمریکا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکات و ئێران مەرجی کردنەوەی گەرووی هورمز ئاشکرا دەکات

‌

وێستگەنیوز-

لە کاتێکدا 109 رۆژ بەسەر واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتۆن و تاران و 218 رۆژیش بەسەر سەرهەڵدانی ململانێ و جەنگی نێوانیاندا تێدەپەڕێت، پێشهاتەکان لەسەر بەرە جیاوازەکان روویان لە توندبوونەوە کردووە و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانیش داوای رووبەڕووبوونەوەی ئەو "جەنگە ئابوورییە" دەکات کە کراوەتە سەر وڵاتەکەی.


لەسەر ئاستی هەڕەشەکان، پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران دەرفەتی لەبەردەستدایە بە ویستی خۆی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت، بە پێچەوانەوە رەنگە واشنتۆن ناچار بێت پەنا بۆ هێز بەرێت، ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێداگرە لەسەر رێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و هەموو رێکارێکی پێویست لەو پێناوەدا دەگرنەبەر، هاوکات لە لێدوانێکی پەیوەندیداردا، ترەمپ هۆشداری دا کە واشنتۆن ئامانجەکانی لە ئێران دەپێکێت، چ "بە رێگەیەکی ئاسان بێت یان قورس".

لە وەڵامی ئەم هەڵوێستانەدا، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئێمە بە هەمان ئەو جددییەتەی لە دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسیدا هەمانە، لە بەرگریکردن لە خۆیشمان جددین".

دەربارەی چارەنووسی گەرووی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، بەپێی ئەو پلانە 7 رۆژەیەی لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان پێشنیازیان کردووە، ئەگەر داواکارییەکانی تاران قبووڵ بکرێن و کۆتایی بە رێکارە دوژمنکارییەکان بهێنرێت، گەرووی هورمز لە ماوەی 7 رۆژدا بە تەواوەتی دەکرێتەوە و هاتوچۆی کەشتیوانی لەو رێڕەوەدا ئاسایی دەبێتەوە.

عەراقچی پێشوازیی شاندە نێودەوڵەتییەکانی لە هەڵوێستەکانی تاران لە نیویۆرک بە بەڵگەی شکستپێهێنانی پرۆژەی "ئەمریکی-ئیسرائیلی" بۆ گۆشەگیرکردنی سیاسیی ئێران ناوبرد و هۆشداریشی دا: "پەیامی ئێمە بۆ دوژمن روونە؛ ئامادەین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ وەڵامێکی وێرانکەرتر بۆ هەر پەلامارێکی سەربازی. هیوادارین ئەمریکا بە رێڕەوی دانایی و لۆژیکدا هەنگاو بنێت، بەڵام ئەگەر پەنا بۆ کاری سەربازی ببات، ئەوا ئێمە ئامادەین".


AM:10:38:04/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو