پوتین: بۆ بەرگریکردن لە رووسیا و کالینینگراد ئامادەین چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنین
وێستگەنیوز-
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا هۆشدارییەکی توندی راگەیاند و ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی ئامادەیە سەرجەم جۆرەکانی چەک، بە چەکی ئەتۆمیشەوە، بۆ پاراستنی خاکی رووسیا و هەرێمی کالینینگراد بەکاربهێنێت لە ئەگەری ئەوەی رووبەڕووی پەلاماری راستەوخۆ ببنەوە؛ لە بەرامبەریشدا هاوپەیمانیی ناتۆ لێدوانەکانی بە "مەترسیدار" وەسف کرد.
لە میانی وتارێکیدا لە کۆڕی ڤالدای لە مۆسکۆ، سەرۆکی رووسیا روونیکردەوە کە مۆسکۆ هیچ نیاز و بەرنامەیەکی بۆ دەستپێشخەریی هێرشکردنە سەر دەوڵەتانی ئەوروپا نییە و دەیەوێت لە کەشێکی ئاشتییانەدا لەگەڵیان بژی، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە هەر دەستدرێژی و هێرشێک بکرێتە سەر هەرێمی کالینینگراد یان هەر پارچەیەکی خاکی رووسیا، بە بەکارهێنانی تەواوی توانست و هێزی سەربازیی وڵاتەکەی وەڵامی توندی دەبێت.
لە بەرامبەر ئەم لێدوانانەدا، هاوپەیمانیی ناتۆ کاردانەوەی پیشان دا و هۆشدارییە ئەتۆمییەکانی پوتینی بە نەگونجاو و زیانبەخش ناوبرد، هاوکات ناتۆ رایگەیاند کە پەیڕەوکردنی ئەم شێوازە لە هەڕەشەکردن نەک نابێتە هۆی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە، بەڵکو دەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخەکە.
هەرێمی کالینینگراد بە یەکێک لە ناوچە ستراتیژییەکانی رووسیا دادەنرێت کە دەکەوێتە نێوان هەردوو دەوڵەتی پۆڵەندا و لیتوانیا و لە رووی جوگرافییەوە هیچ بەستەرێکی راستەوخۆی لەگەڵ خاکی سەرەکیی رووسیادا نییە. ئەم ئاڵۆزییە نوێیەی لێدوانەکانی نێوان مۆسکۆ و هاوپەیمانیی ناتۆش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی ئۆکرانیا، کە گرژییەکانی نێوان رووسیا و دەوڵەتانی رۆژئاوای گەیاندووەتە قۆناغێکی هەستیار.
PM:01:02:02/10/2026
ئهم بابهته 216
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت