سەردێڕ: پێنتاگۆن کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق ڕاگەیاند
وێستگەنیوز –
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا پێنتاگۆن کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، کشانەوەی هێزەکان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر خاڵی کۆتایی ئەو ئەرکە 12 ساڵەیەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، شۆن پارنێڵ، وتەبێژی سەرەکیی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەمریکا و هاوبەشەکانی بە فەرمی کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی پێداگریی پۆڵایین لە عێراق هێنا، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕاگەیێندراوی هاوبەشی مانگی ئەیلوولی 2024ـی نێوان واشنتن و بەغدا و هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەیندیە نیشتمانییەکانی ئەمریکادا جێبەجێ کراوە.
وتەبێژی پێنتاگۆن ڕوونی کردەوە، کشاندنەوەی هێزەکان و کەرەستە سەربازییەکان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەیە بۆ کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی ئەو ئەرکەی لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا بووە هۆی تێکشکاندنی داعش و نەهێشتنی وەک هەڕەشەیەکی سەربازیی ڕێکخراو لە عێراق و ناوچەکەدا، هاوکات ئەرکی سەربازی دەگۆڕێت بۆ هەوڵێکی ئەمنی بە سەرکردایەتیی عێراق کە لە ڕێگەی پەیوەندییەکی ئەمنیی دووقۆڵیی ئاساییەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، چاوەڕوان دەکەین هێزە ئەمنییەکانی عێراق، هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە، سەرکردایەتیی هەوڵە بەردەوامەکان بگرنە دەست بۆ پاراستنی ئاسایش و ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش.
جەختیش کراوەتەوە کە پێنتاگۆن بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی مەشقی تایبەت و پشتیوانیی هەواڵگری بۆ هاوبەشە عێراقی و کوردەکانی.
پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەش کرد، لەمەودوا بەرپرسیارێتیی سەرەکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان، لەوانەش پاشماوەکانی داعش و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە؛ بەڵام ئەمریکا پابەند دەبێت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تاوەکو داعش نەتوانێت سەرلەنوێ خۆی ڕێکبخاتەوە.
AM:11:02:30/09/2026
ئهم بابهته 120
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت