د. بەرهەم ساڵح لە ئەنجومەنی ئاسایش: زیاتر لە 117 ملیۆن کەس بەهۆی جەنگەوە ئاوارە بوون

‌

وێستگەنیوز-

د. بەرهەم ساڵح، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە وتارێکدا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایش هۆشداری دا لەوەی کە زیاتر لە 117 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا بەهۆی جەنگ و چەوسانەوە ئاوارە بوون، هاوکات جەختی کردەوە کە رێکخراوە مرۆییەکان توانای بەدیهێنانی ئاشتییان نییە، بەڵکو تەنها دەتوانن لێقەوماوان بە زیندوویی بهێڵنەوە.


لە میانی پێشکەشکردنی راپۆرتێکدا بە ئەنجومەنی ئاسایش، د. بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا خێرایی پرۆسەی ئاوارەبوون لە جیهاندا زۆر زیاترە لە خێرایی دۆزینەوەی چارەسەرە بنەڕەتییەکان، رونیشیکردەوە کە ئەم پرسە تەنها ئاستەنگێکی مرۆیی نییە، بەڵکو پەیوەندیی راستەوخۆی بە سەقامگیری، ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە هەیە و ئاشتیش تاکە چارەسەری هەمیشەییە بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتیی ئاوارەکان.

کۆمیسیاری باڵای پەنابەران تیشکی خستە سەر چەندین قەیرانی ئاڵۆز، لەوانە دۆخی سودان کە بە گەورەترین قەیرانی ئاوارەیی لە جیهاندا هەژمار دەکرێت، هەروەها پرسی بیابانی رۆژئاوا کە نیو سەدەیە بەبێ چارەسەر بەردەوامە و ئاڵۆزییەکانی یەمەن کە بەهۆی پەرەسەندنەکانی دواییەوە دۆخی مەدەنییەکانی خراپتر کردووە.

لەبارەی سوریاشەوە ئەوەی خستەڕوو کە پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە لە بواری چاکسازی و بنیادنانەوەدا تا زەمینە بڕەخسێت بۆ گەڕانەوەی شکۆمەندانەی ئاوارەکان. هاوکات راشیگەیاند کە ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە تا ساڵی 2035، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ئاوارەن و تەنها پشت بە کۆمەکە مرۆییەکان دەبەستن، بۆ نیوە کەمبکەنەوە.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، د. بەرهەم ساڵح باسی لە گرنگیی بەشداریکردنی ئاوارەکان و گەڕاوەکان کرد لە پلانە نیشتمانییەکاندا و داوای کرد هاوکاریی دارایی پێشکەشی ئەو وڵاتانە بکرێت کە میوانداریی ئاوارەکان دەکەن، وتیشی: "داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکەم هەژموونی سیاسیی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکان بەکاربهێنێت؛ چونکە مافی پەنابەرێتی پردێکە بەرەو ئاشتی، لە کاتی شێوانی ئاسایشدا پارێزگاری لە مرۆڤەکان دەکات و رێگری دەکات لە گەڕانەوەی زۆرەملێیان".

د. بەرهەم ساڵح کە پێشتر سەرۆک کۆماری عێراق بوو، لە ساڵی 2025ـەوە وەک کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) دەستبەکار بووە؛ ئەو دامەزراوەیەش لە ساڵی 1950 بۆ پاراستنی مافی پەنابەران لە جیهاندا دامەزراوە. لە ئێستاشدا بەهۆی شەڕ و ململانێکانی ئۆکرانیا، سودان، غەززە و تێکچوونی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماری ئاوارەکان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی، لە کاتێکدا بودجەی تەرخانکراو بەشی دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکان ناکات.


PM:02:31:26/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت