وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ پێشنیارێکی ئێرانی بۆ راگرتنی شەڕ رەتکردەوە و هۆشداریی دەستپێکردنەوەی بۆردومان دەدات
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێشخەرییەکی ئێرانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی، کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان رەتکردووەتەوە، هاوکات لە گفتوگۆ تایبەتەکانیدا ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکان کردووە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، تاران پێشنیارێکی خستبووە بەردەم واشنتۆن کە بریتی بوو لە راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی 7 رۆژ، دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە؛ لە بەرامبەردا داوای کردبوو کە ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکان و سەرجەم ئەو سزایانە هەڵبگرێت کە زیانی گەورەی ئابوورییان بەو وڵاتە گەیاندووە.
رۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، لە کاتێکدا ئێران چاوەڕوانی وەڵامی فەرمیی ئەمریکا بووە، بەڵام ترەمپ بە نهێنی و لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ یاریدەدەر و تیمی کارەکەی رەتیکردووەتەوە و وتوویەتی، گومانی هەیە تاران داخوازییەکانی جێبەجێ بکات. ترەمپ ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی بۆردومانکردنی ئامانجەکان لە ناوخۆی ئێران ئەگەرێکی بەهێزە، بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی نیوەی خولی کۆنگرێس کە بڕیارە لە تشرینی دووەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، لەگەڵ بوونی ئەم هەڵوێستەشدا، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بە تەواوی لەنێوان گرتنەبەری رێکاری دیپلۆماسی یان دەرکردنی فەرمانی لێدانی ئاسمانی و توندکردنەوەی زیاتری سزاکاندا دودڵە و یەکلانەبووەتەوە.
هاوکات بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەوانەیە هەڵوێستەکانی ئێستای سەرۆکی ئەمریکا لە هەفتەکانی داهاتوودا گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، بەتایبەت کە پێشبینی دەکرێت بڕیارەکانی بکەونە ژێر کاریگەریی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمەوە.
AM:11:23:26/09/2026
ئهم بابهته 292
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت