ئێران پێشنیازێکی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی 7 رۆژدا رادەستی ئەمریکا کرد
وێستگەنیوز-
عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی پێشنیازێکی فەرمیی پێشکەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی 7 رۆژدا، لە بەرانبەر جێبەجێکردنی چەند مەرجێکی سەرەکی کە راگرتنی شەڕ و هەڵگرتنی سزاکان لەخۆدەگرێت.
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە، لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن لەنێویاندا هەردوو رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" و "گاردیان" رایگەیاند، مەرجەکانی تارانی بۆ کردنەوەی رێڕەوە ستراتیژییەکە رادەستی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا کردووە، کە لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکە هاتوچۆی کەشتیوانی تێیدا پەکیکەوتووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد: "لە ئەگەری جێبەجێکردنی مەرجە دیاریکراوەکاندا، لە ماوەی 7 رۆژدا گەرووەکە دەکرێتەوە و دانوستان و گفتوگۆکان دەستپێدەکەنەوە".
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، پێشنیازەکەی ئێران ئەم مەرجانە لەخۆدەگرێت:
راگرتنی تەواوی جموجۆڵە چەکداری و دوژمنکارییەکان بۆ ماوەی 7 رۆژ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە لوبنانیشەوە.
ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران کە لانی کەم بە 12 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
هەڵگرتنی تەواوی سزاکانی سەر نەوتی ئێران.
کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران.
هاوکات حوسێن موحبی، وتەبێژی سوپای پاسداران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" باسی لەوە کردووە کە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە یەمەنیش یەکێکی دیکەیە لە مەرجە سەرەکییەکانی ئێران.
عەراقچی جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ئێستادا چاوەڕوانی وەڵامی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن و روونیشیکردەوە کە وڵاتی چین، کە سەرۆکەکەی بە سەردانێکی فەرمی لە واشنتۆنە، پشتیوانی لەم پێشنیازەی تاران دەکات، ئەگەر مەرجەکانیش پەسەند بکرێن لە رۆژی حەوتەم و کۆتاییدا گەرووی هورمز بە تەواوی دەکرێتەوە.
ئەم بەرەوپێشچوونانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لێکتێگەیشتنێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنەوەی وتوێژە ئەتۆمییەکان واژۆ کردبوو، بەڵام بەهۆی جیاوازی لە لێکدانەوەی رێککەوتنەکە و ناکۆکی لەسەر بەڕێوەبردنی کەشتیوانی، ئاڵۆزییەکان سەریان هەڵدایەوە.
لە ئێستادا ئێران مەرجی داناوە کە هەر کەشتییەک لە گەرووەکە تێپەڕێت پێویستە مۆڵەت لە تاران وەربگرێت و ئەمەش بە پاراستنی سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکەی دەبەستێتەوە، بەردەوامیش هێرش دەکاتە سەر ئەو کەشتییانەی مۆڵەت وەرناگرن، لە بەرانبەردا سوپای ئەمریکا بە شێوەیەکی پچڕپچڕ بۆردومانی کەناراوەکانی ئێران دەکات.
PM:01:20:25/09/2026
ئهم بابهته 460
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت