لە نیویۆرک.. سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە


وێستگەنیوز-

لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کارەکانی 81ـەمین خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشوازی لە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شاندێکی یاوەری کرد.


بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، لە دیدارەکەدا عەلی فالح زەیدی جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکومەتەکەی کار دەکات لەپێناو چەسپاندن و قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوبەشیی ستراتیژی لە رێگەی هەماهەنگییەکی ئابووریی بنیادنەرەوە، کە ببێتە هۆی فراوانکردنی بوارەکانی کاری هاوبەش و بەهێزکردنی بەرژەوەندییە دوولایەنەکان.

هاوکات، سەرۆکی حکومەتی عێراق سووربوونی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی دووپاتکردەوە لەسەر تەواوکردنی شایستە سەروەرییەکان، لەپاڵ بەردەوامیدان بە گرتنەبەری تەواوی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان بۆ هێشتنەوە و کۆکردنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا.

لای خۆیەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ گەل و حکومەتی عێراق دەربڕی لەپێناو بەردەوامیدان بە چەسپاندنی سەقامگیریی ناوخۆیی و بەدیهێنانی داواکاری و خواستەکانی هاوڵاتییان لە بواری گەشەپێدانی ئابووری و بەهێزکردنی پەیوەندی و کرانەوەی عێراق بەڕووی وڵاتانی جیهاندا.

هەروەها روبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتۆن پاڵپشتی لە بڕیار و هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق دەکات کە ئامانجیان بەهێزکردنی بنەماکانی دەوڵەتداری و پتەوکردنی پایەکانی ئارامی و بوژانەوەی ئابوورییە لە وڵاتەکەدا.


AM:08:52:22/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو