وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە نیویۆرک و پەیامێکی لەبارەی جەنگ و مافەکانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووەتە شاری نیویۆرک لە ئەمریکا. ئەمەش دەبێتە یەکەمین و باڵاترین سەردانی بەرپرسێکی ئێران بۆ سەر خاکی ئەمریکا لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامی لە 28ـی شوباتی رابردوودا.


عەباس عەراقچی، راستەوخۆ دوای گەیشتنی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامداوە و تاوتوێی خشتەی کاری کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتییان کردووە. عەراقچی لە لێدوانێکدا کە میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکەی بڵاویانکردووەتەوە، رایگەیاندووە:

"ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە سوود لەم سەکۆ نێودەوڵەتییە گەورەیە وەربگرین بۆ بەرگریکردن لە مافە رەواکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران"، هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە بارودۆخی جەنگ هێشتا بەردەوامە و پێویستە متمانە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بگەڕێندرێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس روونیکردەوە کە عەراقچی سەرۆکایەتیی تەواوی شاندەکە دەکات و لە میانی مانەوەیدا، زنجیرەیەک گفتوگۆ و راوێژ لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسانی بەشداربووی خولەکە ئەنجام دەدات. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە واشنتن رەتیکردبووەوە ڤیزا بداتە بەشێک لە ئەندامانی شاندەکە لە نێویاندا تیمی راگەیاندنی سەرۆکایەتی، سەرەڕای ئەوەی پێشتر بڕیار بوو مەسعود پزیشکیان سەرۆکایەتیی شاندەکە بکات.

هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندین رێکاری توندی بەسەر شاندەکەی ئێراندا سەپاندووە، لەوانە قەدەغەکردنی کڕینی کەلوپەلی گرانبەها و هەندێک بەرهەمی دیکە لە ماوەی مانەوەیاندا.

پێش گەیشتنی بۆ ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارەی یەکشەممە سەردانی قەتەری کردبوو کە رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان تاران و واشنتن دەگێڕێت؛ تاران لە رێگەی دەوحەوە مەرجەکانی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا گەیاندووەتە ئەمریکا، لە کاتێکدا لە دوای هەڵگیرسانی جەنگەوە ئەو هەنگاوە نەهاوێژراوە و ئەمریکاش گەمارۆی پێچەوانەی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.


AM:08:44:22/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت