ترەمپ پاکێجێکی نوێی سزاکانی دژی رووسیا واژۆ کرد
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پڕۆژەیاسای سەپاندنی پاکێجێکی نوێ و فراوانی سزاکانی بەسەر رووسیادا واژۆ کرد، بە مەبەستی چڕکردنەوەی گوشارەکان لەسەر مۆسکۆ بەهۆی بەردەوامیی جەنگی ئۆکرانیاوە. ئەم هەنگاوەش بە یەکەم رێکاری گەورەی یاسادانانی کۆنگرێس دادەنرێت لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی.
یاساکە بە ناوی سیناتۆری کۆچکردووی کۆمارییەکان "لینزی گراهام" کراوە کە دەستپێشخەری سەرەکیی پڕۆژەکە بووە و لە مانگی تەمموزدا کۆچی دوایی کرد و داکۆکیکارێکی سەرسەختی ئۆکرانیا بوو، هاوکات پڕۆژەکە پاڵپشتییەکی بەهێزی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاشی لەگەڵدایە.
بەپێی یاسا نوێیەکە، بۆ یەکەمین جار سزای راستەوخۆ دەخرێتە سەر "کەشتیگەلی تارمایی" (Shadow Fleet)ی رووسیا، لە پاڵ ئەوەشدا سزاکان ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا و بەرپرسانی باڵای کرملین دەگرێتەوە. سەرەڕای ئەمانە، یاساکە دەسەڵات دەداتە سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەپاندنی باجی گومرگی تا ئاستی 100% بەسەر کڕیارە گەورەکانی نەوت و گازی رووسیادا، کە پێدەچێت چین و هیندستانیش بگرێتەوە.
واژۆکردنی ئەم یاسایە لەلایەن ترەمپەوە لە رۆژی شەممە 19ی ئەیلوولی 2026، دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممە لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکرا، ئەمەش پاش ئەوەی پێشتر لە مانگی ئابدا ئەنجومەنی پیرانیش پەسەندی کردبوو.
ئەم بڕیارەی واشنتن لە کاتێکدایە کە لەم دواییانەدا گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ دەستیان پێکردووەتەوە و ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، وەک نێردەی تایبەتی ترەمپ، سەردانی هەردوو پایتەختەکەیان کردووە.
AM:10:40:19/09/2026
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت