ڕاپۆرتێکی ڕووسی: واشنتن لە ئاست ح*وسییە*کان دەستەوەستانە و پەنا بۆ دانوستان دەبات


وێستگەنیوز-

ڕۆژنامەیەکی ڕووسی لە ڕاپۆرتێکدا تیشک دەخاتە سەر بەهێزبوونی پێگەی حوسییەکان لە یەمەن و دەڵێت، حوسییەکان بڕیاری سەربەخۆیان هەیە و واشنتن لەبری بژارەی سەربازی و ڕووبەڕووبوونەوە، ڕێگەی دانوستانی لەگەڵدا گرتوونەتە بەر.


ڕۆژنامەی ڤزگلیادی ڕووسی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە ستراتیژییەکانی وەک شاری مۆخا و جزیرەی پریم لەسەر گەرووی بابولمەندەب لەلایەن حوسییەکانەوە، مەترسیی جددی لەسەر ڕێڕەوە بازرگانییەکانی جیهان دروستکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیدا داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە هێرشی سەربازی بکاتە سەر حوسییەکان، بەڵام ترەمپ داواکەی ڕەتکردووەتەوە؛ چونکە بەرپرسانی ئەمریکا لە مەترسییەکانی ناوچەکە تێگەیشتوون و نەیانویستووە بابەتەکە لە بڕیارێکی خێرادا کۆبکەنەوە.

لە لایەکی دیکەوە، کیریل سیمینۆڤ، پسپۆڕی ئەنجومەنی ڕووسی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ڕوونیکردووەتەوە، حوسییەکان ئامرازی دەستی ئێران نین، بەڵکو هێزێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەرین و بڕیارەکانیان سەربەخۆیانە دەدەن.

جەختیشی کردووەتەوە لەوەی ڕێککەوتنی ئەگەریی ئێران لەسەر گەرووی هورمز، بە مانای ڕاگرتنی هێرشەکانی حوسییەکان نایەت لە بابولمەندەب، چونکە داواکاریی سەرەکییان هەڵگرتنی گەمارۆی ئاسمانی و دەریاییە لەسەر یەمەن.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە حوسییەکان بوونەتە یاریزانی سەرەکی لە سیاسەتی جیهانیدا و زلهێزێکی وەک ئەمریکاش ناچار بووە ڕێگەی دانوستان بگرێتە بەر، چونکە هیچ جێگرەوەیەکی دیکە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە بەردەست نییە.


PM:03:18:18/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت