ئێران: هەر هێرشێک بۆ سەر مەککە و مەدینە یان هەڕەشە لە حاجییان سەرکۆنە دەکەین


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران بە توندی هەر هێرشێک بۆ سەر شوێنە پیرۆزەکانی ئیسلام و بەتایبەت مەککە و مەدینە سەرکۆنە دەکات، هاوکات هۆشداریش لە بەسیاسیکردنی پیرۆزییە ئیسلامییەکان و نانەوەی فیتنە لە ناوچەکەدا دەدات.


ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر هێرشێک بۆ سەر شوێنە پیرۆزەکانی ئیسلام، بەتایبەتی مەککە، مەدینە و مزگەوتی ئەقسا، هەروەها هەڕەشەکردن لە حاجییان بە توندی سەرکۆنە دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا بانگەشەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ڕێگەی مەککەدا، نابێتە بنەمایەک بۆ تۆمەتبارکردنی لایەنێکی دیاریکراو، بەتایبەت کە حکومەتی یەمەن بە ڕوونی ئەو بانگەشەیەی ڕەتکردووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ئیسماعیل بەقائی جەختی کردەوە لەوەی پێویستە ڕێگری بگرێت لە بەسیاسیکردن و بەئەمنیکردنی پیرۆزییەکانی ئیسلام و بەکارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ نانەوەی فیتنە و زیادکردنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

ئەوەشی خستەڕوو، نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە ناوچەکە شاهیدی چەندین ئۆپەراسیۆنی ئاڵای درۆینە بووە، بە مەبەستی لادانی سەرنجی خەڵک لەسەر تاوانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان وڵاتانی ئیسلامیدا.


PM:06:03:17/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت