بۆ یەکەمجار لە مێژوودا؛ ئەمریکا جێگیرکردنی چەکی لە خولگەی زەوی پشتڕاستکردەوە


وێستگەنیوز-

بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی هەبوونی چەکی تایبەت بە خۆی لە خولگەی زەویدا پشتڕاستکردەوە، بەمەش کۆتایی بە دەیان ساڵ لە سیاسەتی ناڕوونی و بێدەنگیی فەرمی لەو بوارەدا هێنا.


ترۆی مەینک، یاریدەدەری وەزیری هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "لە ئێستادا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خاوەنی چەکی کۆنترۆڵکردنی بۆشایی ئاسمانە لە خولگەی زەویدا، کە توانای تەواوی هەیە بەرگری لە هێزە هاوبەشەکانیان بکات لە دژی هەر جوڵە و هەنگاوێکی دوژمنکارانەی نەیارەکان"، هاوکات ناوبراو رەتیکردەوە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە جۆری چەکەکان، ژمارەیان یاخود وادەی هەڵدانیان بۆ بۆشایی ئاسمان ئاشکرا بکات.

لای خۆیەوە، هێزی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا روونیکردەوە کە ئەم چەکانە دەکرێت بۆ مەبەستی هێرشبەری یان بەرگری بەکاربهێنرێن، بە ئامانجی "پەکخستن، لاوازکردن و تەنانەت لەناوبردن"، لە هەمان چوارچێوەدا، لە یەکەم تابلۆی کێشراوی هێزی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکادا، بە تەواوی فڕۆکەیەکی بۆشایی نیشاندراوە کە مانگێکی دەستکردی نەیارەکان لەناو دەبات.

سەبارەت بە سروشتی چەکەکانیش، شارەزایانی سەربازی پێیان وایە کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەو کەرەستانە بریتین لە ئامێرەکانی پەخشکردن لە بۆشایی ئاسمانەوە یاخود سیستەمەکانی جەنگی ئەلیکترۆنی، بەو پێیەی بەکارهێنانی چەکی فیزیکی مەترسیی دروستبوونی پاشماوە و پاشەڕۆی زیانبەخش لە بۆشایی ئاسماندا دروست دەکات.


AM:10:38:15/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت