سوپای پاسداران خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئەمریکی راگەیاند
وێستگەنیوز-
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 15ی ئەیلوولی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سەر بە هێزی ئاسمانی و بۆشایی سوپاکەیان توانیویەتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئاسمانی رۆژئاوای گەرووی هورمز، درۆنێکی پێشکەوتووی ئەمریکی لە جۆری MQ1 دەستنیشان بکات و بیخاتە خوارەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران، ئۆپەراسیۆنی خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەژێر سەرپەرشتی و کۆنترۆڵی تۆڕی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانیی ئێراندا ئەنجامدراوە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، سوپای پاسداران ئاماژەی بە رووداوێکی دیکەی ناوچەکە کردووە و رایگەیاندووە، نەوتهەڵگری "ئێل گایا" هەوڵیداوە لە رێڕەوی نایاسایی و قەدەغەکراوی باشووری گەرووی هورمزەوە تێپەڕبێت، بەوهۆیەوە بەر مینێکی دەریایی کەوتووە و گڕی گرتووە؛ جەختیشیکردووەتەوە کە سەرەڕای هەوڵەکان ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و تەواوی تانکەرەکەی گرتووەتەوە.
سوپای پاسداران وێڕای بیرهێنانەوەی هۆشدارییەکانی پێشووی سەبارەت بە مەترسیی تێپەڕین لەو رێڕەوە، راشیگەیاند کە لە ئێستادا گەرووی هورمز بە تەواوی داخراوە و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئێراندایە.
لە بەرانبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" گێڕانەوەکەی ئێرانی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو نەوتهەڵگرە بەهۆی مینەوە ئاگری نەگرتووە، بەڵکو لەلایەن ئێرانەوە بە درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر و پێکراوە.
AM:09:13:15/09/2026
ئهم بابهته 184
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت