هاکان فیدان: هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە پێشهاتێکی گرنگە و پێویستە لەسەر زەمینی واقیع جێبەجێ بکرێت


وێستگەنیوز-

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی بە رووداوێکی گرنگ وەسفکرد و هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی دۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا و ناوچەکە خستەڕوو.


وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: "راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە لەلایەن خۆیەوە پێشهات و رووداوێکی گرنگە و وەک هەنگاوێکی ئەرێنی دەیبینین، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە لەسەر زەمینی واقیع بە هەمان شێوە گرنگە"، لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سەرجەم هێزە چەکدارەکانی ناو خاکی سووریا بچنە ژێر فەرمان و چەتری دەوڵەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە سووریا لە چەندین بواری جیاوازدا گەشەکردنی بەخۆیەوە بینیوە و ئەنقەرەش پشتگیری لەو پێشکەوتنانە دەکات، هەروەها زانیارییەکی گرنگی ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە سەرۆک کۆماری تورکیا لە پلانیدایە سەردانی سووریا بکات.

هاوکات هاکان فیدان رەخنەی لە رۆڵی تەلئەبیب گرت لە ناوچەکەدا و ئاماژەی بەوە دا کە ئیسرائیل بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتیوانی لە دروستبوونی ئاڵۆزی دەکات لە سووریادا.

لە تەوەرەی کۆتایی لێدوانەکەیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداری دا لە لێکەوتە ئابوورییەکانی گرژییە ناوچەییەکان و روونیکردەوە کە لە دوای رووداوەکانی گەرووی هورمز، ئابووریی ناوچەکە و جیهان تووشی قەیران بووەتەوە.


PM:03:40:13/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو