بەقایی: وڵاتانی کەنداو باجی زیانەکانمان لە ئەستۆ دەگرن و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش کاتی دەوێت


وێستگەنیوز-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی توند ئاراستەی وڵاتانی کەنداو دەکات و دەڵێت دەبێت بەرپرسیارێتیی زیانەکانی سەر تاران لە ئەستۆ بگرن، هاوکات رایدەگەیەنێت کە کشانەوەی هێزە بیانییەکان پرۆسەیەکی کاتبەرە و ناکرێت بە شەو و رۆژێک رووبدات.


ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، تاران هەرگیز ئەو "کردەوە دوژمنکارانەیە" لەبیر ناکات کە لە چەند مانگی رابردوودا رووبەڕووی بووەتەوە، و جەختی کردەوە وڵاتانی کەنداو بەرپرسیارێتیی ئەو زیان و زەرەرانە لە ئەستۆ دەگرن کە بەر وڵاتەکەی کەوتوون و لە سەرجەم کۆبوونەوەکانیشدا ئەم داواکارییە بە جیدی دەخەنەڕوو.

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان و کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان تاران، بەغدا و وڵاتانی کەنداو، بەقایی رەتیکردەوە ئەم هەنگاوە تەنها پەیوەندی بە دابەزینی نرخی نەوتەوە هەبێت، بەڵکو بەرهەمی گفتوگۆیەکی 6 مانگەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران لە ماوەی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرگریکارانە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لەو وڵاتانە کردووەتە ئامانج بەبێ ئەوەی لەگەڵ خودی ئەو دەوڵەتانەدا لە دۆخی جەنگدا بێت، بەڵام بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە و رێگریکردن لە دەستتێوەردانی بێگانە، گفتوگۆی ناوخۆیی نێوان وڵاتانی هەرێمەکە لەوپەڕی گرنگیدایە، هەرچەندە کشانەوەی سەربازانی بیانیش کاتی پێویستە.

لە تەوەرێکی دیکەدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەستبەسەرداگرتنی گەرووی هورمزی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیەوە دووپات کردەوە و وتی: "گەرووەکە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە". روونیشیکردەوە، هۆکاری داخرانی هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووەکەدا بۆ پەلامارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەکارهێنانی خاکی وڵاتانی باشووری کەنداو دەگەڕێتەوە، سەرەڕای ئەوەی تاران پابەندی لێکتێگەیشتنی 18ی حوزەیرانی ئیسلام ئاباد بووە، بەڵام واشنتن دوای 21 بۆ 22 رۆژ رێککەوتنەکەی شکاندووە، بۆیە ئەمریکا بەرپرسیاری یەکەمە لە بەرزبوونەوەی نرخ و قەیرانی وزە لە جیهاندا.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، بەقایی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە نایاسایی و بێ بنەما وەسف کرد کە لە سەرلێشێواویی داڕێژەرانیەوە سەرچاوەی گرتووە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی هۆشداریی دایە ئەو وڵاتانەی دەنگیان بە بڕیارەکە داوە، بەتایبەت سعوودیە و ژاپۆن، و رایگەیاند کە هیچ پاساوێک بۆ هەڵوێستەکەیان نییە و "بە دڵنیاییەوە باجەکەی لە ئەستۆ دەگرن".



AM:11:27:12/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت