سعودیە شەوی رابردوو: لە خاکی عێراقەوە بە درۆن هێرشکرایە سەرمان


وێستگەنیوز-

شەوی رابردوو لە رێگەی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر هێڵی سەرەکیی بۆریی نەوتی (رۆژهەڵات - رۆژئاوا)ی سعوودیە، ریاز پشتڕاستی دەکاتەوە کە هێرشەکە لە ناو خاکی عێراقەوە ئەنجامدراوە و لەسەر داوای سەرۆک وەزیرانی عێراق لەم قۆناغەدا وەڵامدانەوەی سەربازی راگرتووە، لە بەرامبەردا بەغدا دەستبەجێ فەرمانی بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە کردووە.


وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو پەلامارەی کرد کە کراوەتە سەر هێڵی بۆریی نەوت لە هەردوو ناوچەی ریاز و مەدینەی مەنەوەرە، روونیشیکردەوە، هێرشەکان لە رێگەی درۆنەوە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون و جگە لە برینداربوونی ژمارەیەک کەس، زیانی ماددیشیان بە هێڵەکە گەیاندووە.

سەبارەت بە هەڵوێستی سەربازیی وڵاتەکەشی، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ئاشکرای کرد، بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ حکومەتی عێراق تا رێوشوێنی مسۆگەر بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە بگرێتەبەر، لەسەر داوای سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریانداوە لەم قۆناغەدا وەڵام نەدەنەوە و پاڵپشتی هەوڵەکانی بەغدا بکەن، بەڵام هاوکات مافی تەواوی خۆیان دەپارێزن بۆ گرتنەبەری هەر رێکارێک لەپێناو پاراستنی سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکەیاندا.

لای خۆیەوە، وەزارەتی وزەی سعوودیە بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 10ی ئەیلوولی 2026 هێرشەکە ئەنجامدراوە و وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی کارکردن لە بۆرییەکەدا راگیراوە تا ئەو کاتەی تیمە تەکنیکییەکان هەڵسەنگاندن و چاککردنەوەی پێویست تەواو دەکەن، جێی ئاماژەیە ئەم هێڵە رۆژانە 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی کەنداو دەگوازێتەوە بۆ بەندەری یەنبەع لەسەر دەریای سوور، بەتایبەت دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە داخرابوو.

لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، حکومەتی عێراق پەلامارەکانی سەر سعوودیە ی بە توندی شەرمەزار کرد. سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی دەرکردووە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی خێرا بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە و گرتنەبەری توندترین رێکاری یاسایی بەرامبەریان.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی دووپاتیشیکردەوە، بەغدا پێزانینی هەیە بۆ هەڵوێستی سعوودیە لە هێورکردنەوەی دۆخەکەدا و جەختی کردەوە کە خاک و ئاسمانی عێراق نابێتە دەروازەیەک بۆ هێرشکردنە سەر هیچ دەوڵەتێک، هەروەها چاوپۆشی لە هیچ جموجۆڵێک ناکرێت کە ئاسایش و پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دراوسێکانی بخاتە مەترسییەوە.
هاوکات لەسەر ئاستی هەرێمی، جاسم محەمەد بەدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاوکاریی وڵاتانی کەنداو، هێرشە درۆنییەکەی خاکی عێراقی بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد، ئەمینداری گشتیی کەنداو داوای لە حکومەتی عێراق کرد رێوشوێنی توند و یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پەلامارانە، هاوکات پشتیوانیی تەواوی ئەنجوومەنەکەی بۆ ریاز لە پاراستنی سەروەری و دامەزراوەکانیدا دەربڕی.


AM:08:36:12/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت