بەریتانیا نهێنیی کوشتنی عەلی لاریجانی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاشکرا دەکات
وێستگەنیوز-
سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی بەریتانیا ئاشکرای کرد، ئیسرائیل بە پلان و بە ئەنقەست عەلی لاریجانی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانی کردووەتە ئامانج، چونکە ترسی هەبووە ناوبراو لەگەڵ ئەمریکادا بگاتە رێککەوتنی ئاشتی.
سێر جۆن ساوەرز، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی بەریتانیا (MI6) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" رایگەیاند، عەلی لاریجانی تاکە کەسایەتیی دیاری تاران بوو کە توانای ئەوەی هەبوو رۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە بەستنی رێککەوتنێکی ئاشتیی پەسەندکراو بۆ هەردوولا لەگەڵ واشنتۆن بگێڕێت، هەربۆیە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ئەم هەنگاوەیان وەک مەترسی لێکداوەتەوە و پەنایان بۆ کوشتنی بردووە.
ساوەرز تیشکی خستە سەر دۆخی ناوخۆی دەسەڵاتی ئێران و روونیکردەوە، لە ناوخۆی تاراندا ململانێیەکی توندی دەسەڵات هەیە و رژێم بە خێرایی بەرەو سەربازیکردنی زیاتر و باڵادەستکردنی رۆڵی سوپای پاسداران هەنگاو دەنێت، لە کاتێکدا کەسایەتییە مەدەنییەکان پەراوێز خراون، وتیشی: "وڵاتانی رۆژئاوا هیوایەکی زۆریان بە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەبوو تا سەرکردایەتیی دانوستانەکان بکات، بەڵام ناوبراو لە ئێستادا لە چەقی بڕیاردانی دەسەڵاتدا نەماوەتەوە".
سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا جەختیشی کردەوە کە ئێران لە رووی ئابوورییەوە رووبەڕووی گوشارێکی یەکجار قورس بووەتەوە، بەڵام ئاستەنگەکانی بەردەم واشنتۆن زیاتر سیاسین نەک ئابووری، لەو چوارچێوەیەشدا ساوەرز ئاماژەی بە مێژووی کشانەوەی ئەمریکا لە شەڕە تێچووبەرزەکانی وەک ڤێتنام، لوبنان، سۆماڵ و ئەفغانستان کرد و رایگەیاند کە ئەمریکییەکان ناتوانن بەرگەی جەنگی درێژخایەن بگرن؛ ئەم لێدوانانەش لە میدیا و تۆڕە فارسییەکاندا دەنگدانەوەی بەرفراوانی لەبارەی داهاتووی باڵەکانی دەسەڵات لە تاران لێکەوتووەتەوە.
عەلی لاریجانی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە شەوی 16 لەسەر 17ی ئازاری 2026 لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر تاران، لەگەڵ مورتەزای کوڕی و چەند پاسەوانێکی کوژرا.
PM:01:48:11/09/2026
ئهم بابهته 212
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت