ئەمڕۆ 25 ساڵ بەسەر هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەردا تێدەپەڕێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی ئەیلوول کە دەکاتە ( 11ی سێپتەمبەر)، 25 ساڵ (چارەکە سەدەیەک) بەسەر هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001 بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تێدەپەڕێت؛ رووداوێک کە سیمای سیاسەتی نێودەوڵەتی و رەوشی ناوخۆی ئەمریکای بە تەواوی گۆڕی.
لە بەرەبەیانی ئەو رۆژەدا، 19 ئەندامی سەر بە رێکخراوی ئەلقاعیدە دەستیان بەسەر 4 فڕۆکەی نەفەرهەڵگری مەدەنیدا گرت؛ 2 لە فڕۆکەکان خۆیان کێشا بە هەردوو تاوەری 110 نهۆمیی سەنتەری بازرگانیی جیهانی لە نیویۆرک کە دواتر داڕمان، فڕۆکەی سێیەم بینای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)ی لە ڤێرجینیا کردە ئامانج، و فڕۆکەی چوارەمیش لە کێڵگەیەکی رۆژئاوای ویلایەتی پێنسلڤانیا کەوتە خوارەوە، لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا، 2 هەزار و 977 کەس گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا 441 کارمەندی پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە، هەروەها 67 هاووڵاتیی بەریتانی و لانیکەم 18 هاووڵاتیی ئێرلەندی بوونە قوربانی و هەزارانی دیکەش بریندار بوون.
بەهۆی ئەو هێرشانەوە کە سەردەمی پێگەیشتنی ئەمریکای لە دوای جەنگی سارد کۆتایی پێهێنا، جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا جەنگی جیهانیی دژ بە تیرۆری راگەیاند و هێرشی کردە سەر ئەفغانستان بە مەبەستی تێکشکاندنی قاعیدە، جەنگێک کە بۆ ماوەی 20 ساڵ درێژەی کێشا و سەرئەنجام تاڵیبان گەڕایەوە دەسەڵات، دواتریش بە پاساوی هەبوونی چەکی کۆمەڵکوژ سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر عێراق کە گیانلەدەستدانی سەدان هەزار کەسی لێکەوتەوە، لەگەڵ بەکارهێنانی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی وەک خنکاندنی دەستکرد بە ئاو لە "شوێنە رەشەکان"ی دەزگای هەواڵگری (CIA).
هاوکات پسپۆڕان و راوێژکارانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە پەرچەکرداری ئەمریکا بەرامبەر بە 11ی سێپتەمبەر، هەڵەیەکی گەورەی ستراتیژی بوو کە هێزی وڵاتەکەی لاواز کرد و سەرنجی لەسەر گەشەسەندنی چین لادا، لەو بارەیەوە بێن رۆدز، جێگری پێشووی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە سەردەمی باراک ئۆبامادا روونیکردەوە کە هەرچەندە ئوسامە بن لادن لە ساڵی 2011 لە پاکستان کوژرا و نەیتوانی ئامانجەکانی بۆ گۆڕینی دەسەڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپێکێت، بەڵام هێرشەکە بووە هۆی داڕمانی ناوخۆیی ئەمریکا و دروستکردنی بێگانەترسی و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی، کە دواتر رێگەی بۆ هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ و توندبوونەوەی رێکارە ئەمنییە ناوخۆییەکان خۆشکرد.
لە لایەکی دیکەوە، کەسوکاری قوربانییەکان جەختیان لەوە کردەوە کە هێشتا ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان وەک خۆی ماوەتەوە و دەبێت وانە لە رەتکردنەوەی توندوتیژی وەربگیرێت.
هاوکات لەم ساڵیادەدا، بەریتانیا و ئێرلەندا لە رێگەی پەیامی فەرمییەوە یادی قوربانییەکانیان کردەوە، و بڕیارە بەرپرسانی ئێرلەنداش لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە کاتی بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاجەگوڵینەی رێزلێنان لەسەر مۆنۆمێنتی یادەوەریی 11ی سێپتەمبەر لە نیویۆرک دابنێن.
AM:10:54:11/09/2026
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت