وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئێران: لە بەرانبەر هەر پەلامارێک بۆ سەر کەشتییەکانمان تانکەرە نەوتییەکانتان لەناو دەبەین
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی ئەیلوولی 2026، لە میانی سەردانێکیدا بۆ کۆلۆمبیا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند، هەوڵە بەردەوامەکانی ئێران بۆ لێدانی کەشتییە دەریایییەکانی ئەمریکا بێ وەڵام نامێنێتەوە، و هەر کاتێک تاران ئەو کارە بکات یاخود هەوڵی بۆ بدات، کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی لەدەست دەدات.
ئەم لێدوانە توندەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاوکات بوو لەگەڵ راگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، کە تێیدا لەناوبردنی 5 تانکەری نەوتیی ئێرانی پشتڕاستکردەوە، سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کەشتییانە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بوون و بە ئامانجگرتنیان لە وەڵامی ئەو هەوڵانەدا بووە کە لە ماوەی 2 رۆژی رابردوودا لە رێگەی مووشەکی بالیستییەوە بۆ لێدانی کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی درابوون.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کەشتییە جەنگییەکەی ئەمریکا توانیویەتی لەو هێرشانە دەربازی بێت و بەبێ هیچ زیانێکی گیانی لەناو ستافەکەیدا لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەردەوام بێت.
دەربارەی وردەکاریی هێرشەکانیش، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا روونیکردەوە، هێزەکانیان لە رۆژی 8ی سێپتەمبەر 4 کەشتیی نەوتهەڵگریان بە ناوەکانی "کافیز، شارمینار، هورایزۆن 1 و ریسکو" لە کەنداوی عومان کردووەتە ئامانج، هاوکات نەوتهەڵگرێکی دیکەشیان بە ناوی "دەریا" لە نزیک دوورگەی خارک پێکاوە.
سێنتکۆم ئەوەشی خستووەتە روو کە تاران ئەو کەشتییە نەوتییانەی لە چوارچێوەی تۆڕێکی نهێنیی بە بەهای ملیاران دۆلار بەکارهێناوە، بە جۆرێک کە داهاتەکەی بۆ دابینکردنی دارایی سوپای پاسداران و گرووپە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا تەرخان کراوە، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ئێستادا ئێران هیچ رێگەیەکی لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بەرگری لەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی بکات.
AM:09:35:09/09/2026
ئهم بابهته 364
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت