ئاڵۆزییەکانی شەوی رابردووی نێوان ئێران و ئەمریکا
وێستگەنیوز-
گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتە ئاستێکی نوێ و لە نوێترین پەرەسەندنیشدا، هێرشی مووشەکی و ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەکانی کەنداو و ئوردن ئەنجامدران.
شەوی رابردوو فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە وەڵامی هەوڵی سوپای پاسداران بۆ بە ئامانجگرتنی کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا لە ماوەی 2 رۆژی رابردوودا، هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامداوە و توانیویانە 5 کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی تێکبشکێنن، بەپێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، کەشتییە جەنگییەکەی ئەمریکا توانیویەتی بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی هێرشەکان بداتەوە و هیچ زیانێکی گیانی بەر هێز و کارمەندانی سوپای ئەمریکا نەکەوتووە.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی "ئەزرەق" لە ئوردن راگەیاند، سوپای پاسداران ئاشکرای کرد کە بە مووشەکی بالیستی هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بنکەیە وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییە ئێرانییەکان، ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بە وردی شوێنی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-35، F-16 و F-15ـی ئەمریکایان لەو بنکەیە پێکاوه.
هاوکات لە پەرەسەندنێکی جیاوازدا، سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە کە 2 کەشتیی ئەمریکی، 8 نەوتهەڵگر و 10 کەشتیی دیکەیان کردووەتە ئامانج، بە پاساوی ئەوەی هەوڵیانداوە بە ناوچەیەکی قەدەخەکراودا لە گەرووی هورمز تێپەڕن.
لە بەرانبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئوردن پشتڕاستیان کردەوە کە وڵاتەکەیان رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بووەتەوە کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستە کراوە، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئوردن رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویانە 18 مووشەکی بالیستی لە کۆی 20 مووشەکی ئاراستەکراو تێکبشکێنن، بەپێی راگەیەندراوەکە، تەنها 2 مووشەک لە ناوچەیەکی چۆڵ کەوتوونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تیمە تایبەتمەندەکانیش سەرقاڵی پاککردنەوەی پاشماوەی مووشەکەکانن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی هاووڵاتییان.
لە دوایین زانیاریشدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند کە کەشتییەکی بارهەڵگری ئێران بە ناوی (M/T Riesco) لە کەنداوی عومان ژێرئاو کەوتووە، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بە ئامانج گیرا، هەرچەندە تا ئێستا وردەکاری زیاتر لەسەر تیمی سەر کەشتییەکە نەخراوەتە ڕوو.
ئێستا دۆخی ناوچەکە لە ئاستێکی باڵای ئامادەباشیدایە و هەردوولا جەخت لەسەر بەردەوامیی گرژییەکان دەکەنەوە تا ئەو کاتەی "دەستدرێژییەکان" رادەگیرێن.
AM:08:35:09/09/2026
ئهم بابهته 364
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت