وەزیری دەرەوەی سعودیە: حوسییەکان کێشە ناوخۆییەکانی یەمەن بۆ ناو وڵاتەکەمان هەناردە دەکەن
وێستگەنیوز –
شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا روسییەکەی لە مۆسکۆ، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی گرووپی حوسییەکان کرد و رایگەیاند، کە ئەوان "دەرگایەکیان بەسەر خۆیاندا کردووەتەوە کە بەرگەی ناگرن."
وەزیری دەرەوەی سعودیە جەختی کردەوە، کە شانشینەکەی هیچ دوودڵ نابێت لە پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی و هەموو ئامرازە بەردەستەکان بەکاردەهێنێت بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک، ئاماژەی بەوەش کرد، کە گرووپی حوسی کاتێک لە ناوخۆدا تووشی بارودۆخێکی سەخت دەبن، پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی و هەوڵ دەدەن کێشە ناوخۆییەکانی یەمەن بۆ ناو خاکی سعودیە هەناردە بکەن.
بە وتەی شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، حوسییەکان لە جیاتی ئەوەی بە بەرپرسیارانە بەشداری لە رێڕەوی سیاسیدا بکەن، سوورن لەسەر سەپاندنی نەهامەتی زیاتر بەسەر گەلی یەمەندا و بەرژەوەندییە کەسی و تەسکەکانی خۆیان پێش بەرژەوەندییەکانی یەمەن دەخەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی شەرعی دەرفەتی گونجاوی بۆ دانوستان رەخساندووە.
لەگەڵ ئەم هۆشدارییانەشدا، وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، کە هێشتا دەرگای دیپلۆماسی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حوسییەکان کراوەیە. ئاماژەی بەوە دا، کە سعودیە پشتیوانی لە هەر هەوڵێک دەکات کە بەرژەوەندییەکانی یەمەن و ئاسایشی ناوچەکە دەستەبەر بکات و رێگەی چارەسەری سیاسی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی سعودیە وەک پەیامێکی روون دەبینرێت کە تێیدا هاوسەنگی لە نێوان مافی بەرگریکردن لە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی و هێشتنەوەی هیوایەک بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە لە رێگەی گفتوگۆوە کراوە.
PM:03:43:08/09/2026
ئهم بابهته 440
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت