وەزیری دەرەوەی رووسیا: دەبێت نازیزم لە ئەوروپا بنبڕ بکەین؛ دڵنیا نیم خودای ئێمە و رۆژئاوا هەمان خودا بێت
وێستگەنیوز-
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە ئامانجەکانی وڵاتەکەی لە جەنگی ئۆکراینا رایگەیاند، پێویستە "کردەوە سەربازییە تایبەتەکە" بە جۆرێک کۆتایی بێت کە دەستەبەری ئەوە بکات چیتر "نازیزم" لە کیشوەرەکەدا بوونی نەمێنێت.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، ڤلادیمێر پۆتین پێشنیازی کردووە جەنگ بە بنبڕکردنی تەواوەتی ئەو "گرێ شێرپەنجەییانەی نازیزم" کۆتایی بێت کە دووبارە بڵاوبوونەتەوە، ئەو، حکومەتی ئۆکراینای تۆمەتبار کرد بە رێزگرتن لە پاشماوەی تاوانبارانی نازی و وتی: "هێشتنەوەیان لە دەسەڵات، خیانەتە لەوانەی لە ساڵی 1945دا نازیزمیان تێکشکاند".
لە لێدوانێکی جیاواز سەبارەت بە جیاوازیی کولتووری و مێژوویی نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا، لاڤرۆڤ رایگەیاند: "هەر وڵاتە و مێژووی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەگەر ئەو مێژووە لەگەڵ ئینگلیز و سکۆتلەندی و ئێرلەندییەکان دەگونجێت، با بەو شێوەیە بژین، بەڵام من دڵنیا نیم کە هەمان خودامان هەبێت".
وەزیری دەرەوەی رووسیا رەخنەی توندی لە هەوڵەکانی رۆژئاوا گرت بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژوو و وتی، ئەوان دەیانەوێت 5 سەدە لە باڵادەستی و کۆڵۆنیالیزمی خۆیان لەبیر بکەن و رۆڵی مۆسکۆ لە رزگارکردنی ئەوروپا دوای جەنگی جیهانی دووەم بشێوێنن، ئاماژەی بەوەش کرد کە رووسیا هەرگیز نەیویستووە وانەی ژیان بە کەس بدات، بەڵکو تەنها داوای رێککەوتنی راستگۆیانە و هاوسەنگیی بەرژەوەندییەکانی کردووە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ناتۆ و ئەمریکا، لاڤرۆڤ باسی لەوە کرد کە پێش دەستپێکردنی جەنگ، پێشنیازی دوو پەیماننامەیان کردووە بۆ گەرەنتی یاسایی و رێگری لە فراوانبوونی ناتۆ، بەڵام رۆژئاوا رەتی کردوونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، لاڤرۆڤ تیشکی خستە سەر سزاکانی سەر وڵاتەکەی و وتی: "ئێمە دژی دۆلار نین و دەستبەرداری نەبووین، بەڵکو ئەوان رێگرییان لێ کردین دەستمان پێی بگات"، روونیشیکردەوە کە ئەمریکا و ئەوروپا بە مەبەست خەریکی تێکدانی ئەو مۆدێلی جیهانگیرییەن کە خۆیان پێشتر بانگەشەیان بۆ دەکرد، تەنها لەبەر ئەوەی دەیانەوێت رووسیا سزا بدەن.
PM:03:35:07/09/2026
ئهم بابهته 292
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت