ترەمپ هەڕەشەی لەناوبردنی دوورگەی خارگ دەکات و پێشنیازی گۆڕینی ناوی ویلایەتێکی ئەمریکا دەدات


وێستگەنیوز-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین دەرکەوتنیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشەڵ"، جارێکی دیکە هەڕەشەی توندی ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و بە تایبەتیش دوورگەی "خارگ"ی کردە ئامانج.


ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی نووسیویەتی: "بای بای خارگ"، لەگەڵ نووسینەکەشیدا وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە و تێیدا فڕۆکەیەکی جەنگی هێرش دەکاتە سەر دوورگەکە و تەقینەوەی گەورە دروست دەبێت.

لە درێژەی بابەتەکەیدا، ترەمپ تیشکی خستووەتە سەر دۆخی خراپی ئابووری ئێران و دەڵێت، ئەو وڵاتە بەدەست هەڵاوسانێکی زۆرەوە گرفتارە و دراوەکەی بە تەواوی بەهای لەدەستداوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەناردەی نەوتی ئێران پاشەکشەی توندی کردووە، لە کاتێکدا بڕی نەوت لە گەرووی هورمز بۆ ئاستەکانی پێشووی گەڕاوەتەوە.

دوورگەی خارگ کە 26 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێرانەوە دوورە، بە دەمارە گرنگەکەی ئابووری ئەو وڵاتە دادەنرێت و 90%ی هەناردەی نەوتی ئێرانی لێوە ئەنجام دەدرێت، شەممەی رابردووش ئاژانسی فارسی ئێرانی بڵاویکردەوە کە کەشتییەکی نەوتهەڵگریان لەو ناوچەیە رووبەڕووی هێرشی مووشەکی ئەمریکا بووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە و لە پۆستێکی جیاوازدا، ترەمپ پێشنیازی گۆڕینی ناوی ویلایەتی "نیومەکسیکۆ"ی بۆ "نیوئەمریکا" کردووە، ترەمپ رایگەیاندووە کە چەندین کەس ئەم پێشنیازەیان بۆ ناردووە و ئەویش زۆر بەو بیرۆکەیە سەرسامە.

ترەمپ ناوی "نیوئەمریکا"ی بە ناوێکی شکۆدارتر و جوانتر بۆ دانیشتووانی ویلایەتەکە وەسف کردووە، لە هەمان کاتدا تۆمەتەکانی سەبارەت بە بوونی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ویلایەتەدا دووبارە کردووەتەوە، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەکی بۆ ئەو قسانەی نەخستووەتە روو.

ئەمە یەکەمجار نییە ترەمپ پێشنیازی گۆڕینی ناوی شوێنە جوگرافییەکان دەکات، پێشتریش داوای کردبوو ناوی "کەنداوی مەکسیک" بکرێتە "کەنداوی ئەمریکا" و دەریاچەی ئۆنتاریۆش بە "دەریاچەی ئەمریکا" ناو ببرێت. لە رووی یاساییەوە گۆڕینی ناوی ویلایەتێک کارێکی ئاڵۆزە و پێویستی بە گۆڕانکاری لە دەستووری ویلایەتەکە و رێکارە یاساییەکان هەیە.


AM:08:46:07/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت