بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ ئێران؛ ئەمریکا سزای بەسەر 3 دامەزراوەی تورکیدا سەپاند
وێستگەنیوز-
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە فەرمی سزای نوێی بەسەر 3 دامەزراوەی دارایی و بیمەدا لە وڵاتی تورکیا سەپاند، ئەمەش بەهۆی هەبوونی پەیوەندی و مامەڵەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەو قەوارە تورکیانەی کراونەتە ئامانجی سزاکان بریتین لە هەر سێ کۆمپانیای (گۆڵدن گڵۆباڵ پۆرتفۆی یۆنەتیمی، گۆڵدن گڵۆباڵ ڤارلیک کیرالاما، لەگەڵ گۆڵدن گڵۆباڵ یاتیرم بانکاسی)، هاوکات مۆڵەتێکی گشتیش دراوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو مامەڵانە بهێنرێت کە لەگەڵ ئەم قەوارە سزادراوانەدا هەن.
ئەم بڕیارەی واشنتۆن لە چوارچێوەی هەڵمەتی گوشارە ئابوورییەکانی ئیدارەی ئەمریکادایە بۆ سەر تاران، کە ماوەی 6 مانگە بەردەوامی هەیە و کاریگەری کردووەتە سەر بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە لە جیهاندا.
لەم بارەیەوە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان جەنگێکی ئابوورییان دژی پەیوەندییە داراییەکانی ئێران لە سەرانسەری جیهاندا دەستپێکردووە و ئامانجیانە تاران ناچار بکەن بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، ناوبراو راشیگەیاندووە کە ئەگەری هەیە وەزارەتەکەیان هەموو هەفتەیەک سزای نوێ رابگەیەنێت کە زیاتر بانکەکان دەکاتە ئامانج.
جێی ئاماژەیە، هەفتەی رابردووش واشنتۆن رێکاری هاوشێوەی بەرانبەر لقی بانکێکی میسری لە ئیمارات گرتبووە بەر و رێگری لێکرد مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکی بکات، ئەمەش وەک بەشێک لە چڕکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر ئێران.
PM:06:26:04/09/2026
ئهم بابهته 48
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت