بەڵگەیەکی نوێ لەبارەی پاشماوەی کەشتی نوح لە باکووری کوردستان دەدۆزرێتەوە


وێستگەنیوز-

تیمێکی نێودەوڵەتی لە پێنج وڵاتی جیاوازەوە، بەڵگەی نوێیان لەبارەی پاشماوەی کەشتی نوح لە پارێزگای ئاگری باکووری کوردستان دۆزیوەتەوە، کە ئاماژەیە بۆ بوونی پاشماوەی ئەندامی دەوڵەمەند لە ژێر خاکەکەدا.


دەستەیەک لە توێژەرانی 5 وڵاتی جیاواز، ماوەیەکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیەکی وردن لەسەر پاشماوەی شوێنەواریی کەشتییەکەی نوح لە پارێزگای ئاگری.

توێژەران لە کارەکانیاندا تەکنەلۆژیای GPS و مۆدێلینگی سێ ڕەهەندی بەکاردەهێنن، کە لە ئەنجامدا چەند شێوەیەکی نامۆ و جیاواز لە خۆڵی ژێر شوێنەوارەکەدا دەرکەوتوون.

بەگوێرەی دەرئەنجامە سەرەتاییەکانی توێژینەوەکە، ڕێژەی کاربۆنی ئەو خۆڵەی لە ژێر شوێنەوارەکەدایە بە ڕێژەی 40% زیاترە لە کاربۆنی ڕووکاری دەرەوە.

پسپۆڕان دەڵێن ئەم ڕێژە زۆرەی کاربۆن ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ بوونی پاشماوەی دەوڵەمەندی ئەندامی (Organic) لەو شوێنەدا.

تاوەکو ئێستا توێژەران زیاتر لە 1,000 نموونەی جیاوازیان لە خۆڵی ناوچەکە وەرگرتووە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 2 بۆ 3 مانگی داهاتوودا ئەنجامە کۆتاییەکانی ئەم توێژینەوە نێودەوڵەتییە بڵاوبکرێنەوە.

ئەم پاشماوەیە بە فەرمی لە ساڵی 1959 دۆزراوەتەوە و لەو سەردەمەوە تاوەکو ئێستا بە کەشتی نوح ناوی تۆمارکراوە، بەڵام هێشتا ڕاستییە زانستییەکەی بە تەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر بەردەوامە.


PM:07:06:03/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت