لە ئیستەنبووڵ تورکیا و سعودیە و پاکستان کۆدەبنەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 31ی ئابی 2026، شاری ئیستەنبووڵ میوانداری یەکەمین کۆبوونەوەی وەزاریی تەکەتولی بەرگریی هەرێمیی نوێ لە نێوان تورکیا، سعودیە و پاکستان دەکات، بە مەبەستی کاراکردنی رێککەوتنامەی بەرگری هاوبەش کە لەم مانگەدا واژۆ کراوە.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە هەر سێ وڵات لە 7ی ئابدا "رێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگری هاوبەش"یان واژۆ کرد، ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ناوچەکە نیگەرانن لە پەرەسەندنی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئەو ململانێ هەرێمییانەی تێیدا تاران موشەک و درۆنی ئاراستەی وڵاتانی کەنداوی هەناردەکاری وزە کردووە.
ئامانجی سەرەکی رێککەوتنامەکە بەهێزکردنی رێگری بەکۆمەڵە دژی هەر کارێکی دوژمنکارانە، لە بەندەکانی رێککەوتنامەکەدا هاتووە کە هێرشی چەکداری بۆ سەر هەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، بە هێرش بۆ سەر هەموو لایەک هەژمار دەکرێت، ئەمەش هاوشێوەی ماددەی 5ی میساقی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا، لەگەڵ جەنەراڵ سەلجووق بەیرەقدار ئۆغڵو، سەرۆکی ئەرکانی گشتی سوپای تورکیا و هاوتاکانیان لە سعودیە و پاکستان بەڕێوەدەچێت.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کارنامەی کۆبوونەوەکە جگە لە بابەتەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پرسی بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری و کارکردنی هاوبەشی نێوان هێزە چەکدارەکان دەگرێتەوە. هەروەها بڕیارە هاوکارییەکان لە بواری پیشەسازی بەرگریدا توندوتۆڵتر بکرێن، بە تایبەت لە پرسی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی چەکی هاوبەش.
ئەم هاوپەیمانییە نوێیە لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران چووەتە مانگی 6یەمیەوە و دانوستانەکان گەیشتوونەتە بنبەست، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی جیهانیی وزە.
تورکیا کە خاوەنی دووەم گەورەترین سوپایە لە ناتۆ، رایگەیاندووە کە ئەم رێککەوتنامەیە لەگەڵ پاکستانی خاوەن چەکی ئەتۆمی و سعودیە وەک گەورەترین هەناردەکاری نەوت، دەکرێت لە داهاتوودا فراوانتر بکرێت و وڵاتی میسریش بچێتە پاڵیان.
AM:08:59:31/08/2026
ئهم بابهته 420
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت