واشنتۆن پۆست: پوتین لە ئێستادا ئەمریکا بەلاواز دەبینێت


وێستگەنیوز-

زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بە گۆڕانکاریی توند لە تێڕوانینی ڤلادیمێر پوتین بۆ پێگەی واشنتۆن دەکەن، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"، سەرۆکی رووسیا لە ئێستادا ئەمریکا وەک دەوڵەتێکی لاواز دەبینێت، ئەمەش هۆکارە بۆ زیادبوونی هەڕەشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناتۆ.


رۆژنامە ئەمریکییەکە پشتبەست بە زانیارییە نهێنییەکانی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) بڵاویکردووەتەوە، کە جەنگ و ئاڵۆزییە 6 مانگییەکانی ئێران و نەبوونی دەرئەنجامێکی روون، لەگەڵ کەمبوونەوەی کۆگاکانی مووشەک و چەکی ئەمریکا، پوتینیان گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی کە واشنتۆن لە پێگەیەکی لاوازدایە، ئەم تێڕوانینە وایکردووە سەرۆکی رووسیا بە شێوازێکی توندتر لە جاران هەڕەشە لە هاوپەیمانی ناتۆ بکات.

ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەردانەکەی بەڕێوەبەری CIA بۆ مۆسکۆی بە کارێکی ئاسایی وەسف کردبوو، بەڵام واشنتۆن پۆست دەڵێت سەردانەکە پەیوەندی بەو رەوشە نوێیەوە هەبووە کە دوای جەنگی ئێران هاتوەتە ئاراوە، هەروەها جەخت کراوەتەوە کە بە پێچەوانەی قسەکانی ترەمپ، لە ساڵی 2022ـەوە هیچ بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری ئەمریکا سەردانی مۆسکۆی نەکردووە.

هاوکات، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، ئەمڕۆ هەینی 28ی ئابی 2026، لە کۆڕبەندی "بیرۆکە بەهێزەکان بۆ سەردەمێکی نوێ" لە شاری نیژنی نۆڤگۆرۆد رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ناو جەنگێکی چارەنووسسازدایە بۆ پاراستنی ئێستا و داهاتووی نیشتمان، پوتین داوای لە هاووڵاتیان کرد، لە خۆبەخشانەوە تا ئەندازیار و کرێکاران، بەشدارییەکی کارا بکەن بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتن.

سەرۆکی رووسیا جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت سوود لە ئەزموونە تەکنیکییەکانی ناو شەڕ وەربگیرێت و رەوتی داهێنانە سەربازییەکان لە کالینینگرادەوە تا ڤلادیڤۆستۆک هەموو وڵات بگرێتەوە، هەروەها ئاژانسی دەسپێشخەرییە ستراتیژییەکانی راسپارد کە کار لەسەر نەخشاندنی ئاسۆی دەیان ساڵی داهاتووی وڵات بکەن.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی ئۆکرانیا بە هاوکاری وڵاتانی ئەوروپا بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی رووسیا زیادیان کردووە، لەو چوارچێوەیەدا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا هۆشداری دایە وڵاتانی ئەوروپا و رایگەیاند، هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانیان بۆ کیێڤ جێگای قبوڵکردن نییە و لە داهاتوودا ئەوروپییەکان باجە قورسەکەی دەدەنەوە.


PM:10:00:28/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو