وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا: پشتی ئابووری ئێران دەشکێنین


وێستگەنیوز-

وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵمەتێکی فراوانی بۆ بڕینی شادەماری ئابووری ئێران دەستپێکرد و هۆشداری توند دەداتە ئەو وڵات و کۆمپانیایانەی بەردەوامن لە مامەڵە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تاران.


وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکی نوێدا ئاشکرای کرد، کە سورن لەسەر شکاندنی پشتی ئابووری ئێران و بۆ ئەم مەبەستەش سزاکانیان بەردەوام دەبێت، بەپێی ئامارەکان، سزاکان سەدان کۆمپانیای ئێرانی دەگرێتەوە، کە تێیدا 469 کۆمپانیا بارەگایان لە وڵاتی چینە و 353 کۆمپانیای دیکەی ئێرانیش لە ئیمارات کار دەکەن.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا جەختی کردەوە: "بەڵێن دەدەین هەموو شادەمارە ئابوورییە ماوەکانی تاران ببڕین و بە یەکجاری کۆتایی بە هەڕەشەکانی رژێمی ئێران بهێنین"، ئاماژەی بەوەش کرد، کە دوورخستنەوەی ئابووری ئێران مەترسییەکانی سزاکانی بۆ سەر ئەو لایەنانە زیاتر کردووە کە هێشتا مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی گەنجینە، ئێران تۆڕە بانکییە سێبەرەکان بۆ سپیکردنەوەی پارە، کڕینی چەک و دابینکردنی دارایی بۆ بریکارەکانی لە ناوچەکەدا بەکاردەهێنێت، لەو چوارچێوەیەشدا، سزای بەسەر کۆمپانیایەکدا لە هۆنگ کۆنگ سەپاندووە کە تۆمەتبارە بە سپیکردنەوەی پارە بۆ بەرژەوەندی ئێران.

ئەمریکا هۆشداری داوە کە سزای لاوەکی دەسەپێنێت بەسەر هەر دامەزراوەیەکی دارایی بیانی کە ئاسانکاری بۆ مامەڵە داراییەکانی ئێران بکات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ توندکردنی گەمارۆکان و رێگریکردن لە هەر جۆرە دەرفەتێکی بازرگانی بۆ ئەو وڵاتە.



PM:06:53:28/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو