ئێران دەربارەی کوشتنی کوڕەکەی ترەمپ: ئەگەر بمانویستایە کەس نەیدەتوانی رێگریمان لێ بکات
وێستگەنیوز-
سکرتێری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، وەڵامی ئەو راپۆرتە جیهانییانە دەداتەوە کە باس لە پلانی وڵاتەکەی دەکەن بۆ تیرۆرکردنی بارۆن ترەمپ، بچووکترین کوڕی دۆناڵد ترەمپ.
موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "ئەلمەنار"، ئەو هەواڵانەی بە "پروپاگەندەی دەستکرد" وەسف کرد کە باس لە هەوڵی تاران دەکەن بۆ تیرۆرکردنی کوڕەکەی ترەمپ، رەزایی وتی: "ئەمانە هەمووی درۆی گەورەی بنیامین ناتانیاهۆن کە دەیەوێت لەو رێگەیەوە یاری بە ترەمپ بکات".
ناوبراو بە زمانێکی توند وەڵامی دەنگۆکانی دایەوە و راگەیاند: "ئەگەر بڕیاری تیرۆرکردنمان بدایە، هیچ شتێک رێگری لێ نەدەکردین."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، میدیا توندڕەوەکانی ئێران و دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئەو وڵاتە (IRIB)، ڤیدیۆیەکی 3 خولەکییان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە: "لە کوێ بارۆن ترەمپ بکوژین؟!"، لە ڤیدیۆکەدا وێنەی ئەو شوێنانە نیشان دەدرێت کە کوڕەکەی ترەمپ کاتی تێدا بەسەر دەبات، بەتایبەت "بورجی ترەمپ" لە نیویۆرک.
ئەم هەڕەشانەی ئێران دوای ئەوە دێن کە لە کۆتایی مانگی 2ی رابردوودا، عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی ئێران و چەند ئەندامێکی خێزانەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکی-ئیسرائیلیدا کرانە ئامانج، لای خۆشییەوە دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی ئەمریکا رایگەیاندووە کە ئاگاداری ئەو ڤیدیۆ هەڕەشەئامێزانەن کە لە ئێرانەوە سەرچاوەیان گرتووە و خێزانی ترەمپیان کردووەتە ئامانج.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، موحسین رەزایی ئاماژەی بە رەوشی گەرووی هورمز کرد و رایگەیاند، تاران و مەسقەت لەسەر کردنەوەی رێڕەوێکی کاتی بۆ گواستنەوەی کەشتییەکان رێککەوتوون، بەڵام جەختی کردەوە کە کردنەوەی تەواوەتی گەرووەکە بەستراوەتەوە بە مەرجەکانی وڵاتەکەیەوە، کە گرنگترینیان راگرتنی شەڕی غەززە و لوبنان و سووریایە لەلایەن ئەمریکاوە.
رەزایی وتیشی، دۆسیەی گەرووی هورمز پەیوەستە بە ململانێ ناوچەییەکان و پێویستە واشنتۆن جدییەتی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بسەلمێنێت، چونکە هەر تێکچوونێکی ئاسایش کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە و گەشەی ئابووری دەبێت.
PM:04:15:28/08/2026
ئهم بابهته 272
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت