بۆ ئاگادارکردنەوەی پوتین لە هێرشنەکردنە سەر ناتۆ؛ سەرۆکی سی ئای ئەی بە نهێنی چووە مۆسکۆ


وێستگەنیوز-

لە هەنگاوێکی کتوپڕ و رانەگەیەندراودا، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، گەشتێکی بۆ مۆسکۆی پایتەختی روسیا ئەنجامدا، ئەمەش شەپۆلێک لە لێکدانەوەی جیاوازی لەسەر ئاستی جیهانی دروست کردووە.


سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە کە ئامانجی سەرەکی گەشتەکەی راتکلیف، پێدانی ئاگادارکردنەوەیەکی راشکاو بووە بە روسیا بۆ ئەوەی هیچ جۆرە هێرشێک نەکاتە سەر وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ، هاوکات لە کۆبوونەوەکاندا باس لە پرسی زیادبوونی فشارەکانی سەر ئێران و جەنگی ئۆکرانیا کراوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا سەردانەکەی راتکلیفی بۆ مۆسکۆ پشتڕاستکردەوە، بەڵام بە "نیمچە-رۆتینی" وەسفی کرد، ترەمپ ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن سەردانەکە بۆ تاقیکردنەوەی ئیرادەی ناتۆ یان پرسی سزاکانی سەر ئێران بووبێت، بەڵکو ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتۆن دەیەوێت کۆتاییهاتنی جەنگی ئۆکرانیا ببینێت و هەردوولای جەنگەکەش لە ئێستادا ئارەزووی ئاشتی دەکەن.

لای خۆشییەوە، دمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین رایگەیاند، جۆن راتکلیف لەگەڵ ئاژانسە هەواڵگرییەکانی رووسیا لە پەیوەندیدا بووە، بەڵام هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین ئەنجام نەداوە، پێسکۆڤ وتیشی: "پەیوەندی لە رێگەی کەناڵە هەواڵگرییەکانەوە دیاردەیەکی ئەرێنییە و تەنانەت لە قورسترین ساتەکانیشدا بەردەوام دەبن، بەڵام هێشتا زووە باس لە باشبوونی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بکرێت".

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ناتۆ و رووسیا بەهۆی فڕینی درۆن و فڕۆکە سەربازییەکان بەسەر ئاسمانی پۆڵەندا و رۆمانیا زیادی کردووە، شیکەرەوە سەربازییەکان پێیان وایە، ئەمریکا بەرپرسێکی ئاوا پلەباڵا بەبێ راگەیاندنی پێشوەختە نانێرێت بۆ مۆسکۆ مەگەر بابەتێکی یەکجار گرنگ و هەستیار لە ئارادا بێت.

ئەمە یەکەم سەردانی بەرپرسی سی ئای ئەی-یە بۆ مۆسکۆ لە دوای ساڵی 2021، کاتێک ویلیام بێرنس سەردانی روسیای کرد بۆ ئاگادارکردنەوەی پوتین لە دەرەنجامەکانی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا، بەڵام تەنها چەند هەفتەیەک دوای ئەو سەردانە، رووسیا جەنگی گشتگیری دژی کیێڤ دەستپێکرد، پسپۆڕان دەڵێن هێشتا روون نییە مۆسکۆ تا چەند گوێ لەم ئاگادارکردنەوە نوێیەی ئەمریکا دەگرێت.


AM:11:15:27/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت