مەسعود پزیشکیان: بەرگریکردن لە خاکمان مافێکی رەوایە و ئێران لە پێگەی لاوازدا نییە


وێستگەنیوز-

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە میانی بەشداریکردنی لە کردنەوەی 40ـەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی یەکڕیزیی ئیسلامی، زنجیرەیەک پەیامی سەبارەت بە پێگەی سەربازیی ئێران و دۆخی ناوچەکە راگەیاند.


پزیشکیان لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئێران لە پێگەی لاوازیدا نییە و بە باشی دەزانێت چۆن بەرگری لە خۆی بکات، وتیشی: "ئێمە هیچ کاتێک دەستپێشخەری شەڕ نەبووین، بەڵام بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان بە مافێکی رەوا دەزانین و لە بەرانبەر هەر دەستدرێژییەکدا بە توندی دەوەستینەوە".

سەرۆک کۆماری ئێران رەخنەی لە هەڵوێستەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل گرت و رایگەیاند، لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتۆن، شەڕێکیان دژی تاران بەرپا کردووە، هاوکات جەختی لەسەر پرسی فەلەستین کردەوە و وتی: "بەرگریکردن لە فەلەستین و رەتکردنەوەی داگیرکاری لەوێ، بە ئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین".

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، پزیشکیان داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد کە "ئاسایشی یەکتر تێکنەدەن" و کار بۆ یەکڕیزی بکەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە یەکڕیزیی ئیسلامی تەنها تاکتیکێکی سیاسی یان بەرژەوەندییەکی کاتی نییە، بەڵکو بنەمایەکی ستراتیژییە بۆ دەستەبەرکردنی عیزەت و سەربەخۆیی و داهاتووی ئوممەتی ئیسلامی.

پزیشکیان باسی لەوەش کرد، جیاوازیی بیروڕا کارێکی سروشتییە، بەڵام نابێت رێگە بدرێت ئەم جیاوازییانە بگۆڕدرێن بۆ دوژمنایەتی و ململانێ، چونکە ئەوە هێزی موسڵمانان لە ناو دەبات.

جێی ئاماژەیە، 40ـەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی یەکڕیزیی ئیسلامی لە ئەمڕۆوە 2ی خەرمانان تاوەکو 8ی هەمان مانگ لە تاران بەردەوام دەبێت، کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر ئەندێشەکانی رێبەرایەتی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە یەکڕیزی و داهاتووی جیهانی ئیسلامی.


AM:09:48:27/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت