وادەی دادگاییکردنی داڕێژەری هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر دیاریکرا
وێستگەنیوز-
قازی دادگا سەربازییەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە کەیسی دادگاییکردنی خالید شێخ محەمەد و هاوکارانی دەرکرد، کە بە "مێشکی داڕێژەری هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر" ناسراون.
بەپێی بڕیارەکەی موقەدەم مایکل شراما، خالید شێخ محەمەد لەگەڵ 3 تۆمەتباری دیکەی پیلانگێڕییەکە (وەلید بن عەتتاش، عەلی عەبدولعەزیز عەلی و مستەفا ئەحمەد ئەلهەوساوی)، لە رۆژی 5ی حوزەیرانی 2028دا لەبەردەم دادگا ئامادە دەبن، ئەم وادەیەش دوای ئەوە دێت کە قازی داواکارییەکی داواکارانی گشتی رەتکردەوە کە داوایان کردبوو دادگاییەکە لە کانوونی دووەمی 2027 دەست پێ بکات.
خالید شێخ محەمەد کە یەکێک بوو لە یاریدەدەرە هەرە دیارەکانی ئوسامە بن لادن، رێبەری پێشووی قاعیدە، لە ساڵی 2003 لە پاکستان دەستگیرکرا و دوای 3 ساڵ مانەوە لە زیندانە نهێنییەکانی (سی ئای ئەی)، لە ساڵی 2006 گوازرایەوە بۆ بنکەی سەربازیی گوانتانامۆ لە کوبا، ناوبراو تۆمەتبارە بە داڕشتنی پیلانی تەقاندنەوەی فڕۆکە رفێندراوەکان لە ناوەندی بازرگانیی جیهانی لە نیویۆرک و باڵەخانەی پێنتاگۆن لە 11ی سێپتێمبەری 2001دا، کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 3000 کەس.
دواکەوتنی ئەم دادگاییە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە، بۆ چەندین هۆکاری یاسایی دەگەڕێتەوە، لەوانەش پرسی بەکارهێنانی "شێوازەکانی لێکۆڵینەوەی چڕکراوە" یان ئەشکەنجەدان، کە بەپێی راپۆرتێکی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە ساڵی 2014، خالید شێخ محەمەد 183 جار رووبەڕووی "خنکاندنی دەستکرد" کراوەتەوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانان.
هەروەها لە هاوینی رابردوودا هەوڵێک هەبوو بۆ رێککەوتن لەگەڵ تۆمەتبارەکان تا دان بە تاوانەکەیاندا بنێن لە بەرانبەر لادانی سزای لەسێدارەدان، بەڵام ئیدارەی جۆ بایدن دوای شەپۆلێکی ناڕەزایەتی کەسوکاری قوربانییەکان لە رێککەوتنەکە پاشەکشەی کرد، لە حوزەیرانی 2025یشدا دادگایەکی تێهەڵچوونەوە بە رەسمی ئەو رێککەوتنەی رەتکردەوە.
جیم سمیت، ئەفسەری خانەنشینکراوی پۆلیسی نیویۆرک کە هاوسەرەکەی لە هێرشەکاندا لەدەستداوە، رایگەیاندووە کە ئەوان ماوەی 20 ساڵە چاوەڕێی رۆژێکی لەو شێوەیە دەکەن و هیوادارن ئەم وادەیەی دیاریکراوە راستەقینە بێت و جارێکی دیکە دوانەکەوێت.
AM:09:02:27/08/2026
ئهم بابهته 420
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت