ژمارەی قوربانیانی لافاوەکەی نیپاڵ بەرزبووەوە


وێستگەنیوز-

باکووری وڵاتی نیپاڵ رووبەڕووی کارەساتێکی سروشتیی گەورە بووەتەوە و بەهۆی لافاوێکی وێرانکەرەوە تا ئێستا گیانلەدەستدانی 157 کەس راگەیەندراوە، هاوکات مەترسی هەیە ژمارەی قوربانییەکان زیاتر بێت.


بەپێی زانیارییەکان، جگە لە گیانلەدەستدان، زیاتر لە 400 کەسی دیکە بێسەروشوێنن، کە لەنێویاندا 340 گەشتیاری بیانی هەن کە بۆ گەشت چوونەتە ناوچە شاخاوییەکان، لافاوەکە زیانی زۆر گەورەی بە ناوچەکانی (راسوا، نواکۆت و دادینگ) گەیاندووە و بووەتە هۆی رووخانی ژمارەیەکی زۆر لە ماڵ و پردەکان و تێکچوونی رێگاوبانە سەرەکییەکان
.
هەر بەهۆی ئەم کارەساتەوە، هێڵەکانی گەیاندن و کارەبا بەتەواوی پچڕاون، ئەمەش کاری تیمەکانی فریاگوزاری قورستر کردووە، لە ئێستادا سوپا و پۆلیسی نیپاڵ هێلیکۆپتەریان بۆ گواستنەوەی برینداران و گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکاندا تەرخان کردووە بۆ ئەوەی بگەنە ئەو ناوچە شاخاوییانەی کە بەهۆی داڕمانی رێگاکانەوە گەمارۆدراون.

سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی ئەم لافاوە لەناکاوە، پسپۆڕانی بوارەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە بارستەیەکی گەورەی سەهۆڵبەندان و بەرد لە سنووری تبت داڕمابێت، ئەمەش شەپۆلێکی بەهێزی ئاو و قوڕی دروستکردووە کە بە خێراییەکی زۆر هەموو شتێکی سەر رێگای خۆی راپێچ کردووە.

لای خۆشیانەوە دەسەڵاتدارانی وڵات داوایان لەو هاوڵاتییانە کردووە کە لە نزیک رووبارەکان نیشتەجێن، بە خێرایی روو لە ناوچە بەرزەکان بکەن، چونکە مەترسییەکان هێشتا کۆتاییان نەهاتووە و پرۆسەی هەڵسەنگاندنی زیانەکان لە قۆناغی سەرەتاییدایە.


AM:08:40:27/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت