لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا 14 منداڵی ساوا لە نەخۆشخانەیەکی پاکستان سووتان

‌بەشی دایکایەتی و کۆرپەلە لە نەخۆشخانەی پەیمانگەی زانستە پزیشکییەکانی پاکستان.

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی ئابی 2026، رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان کارەساتی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە 14 منداڵی تازە لەدایکبوو گیانیان لەدەستدا.


بەپێی زانیارییەکان، ئاگرەکە لە نهۆمی 3ی نەخۆشخانەی پەیمانگەی زانستە پزیشکییەکانی پاکستان (PIMS) و بە دیاریکراوی لە بەشی چاودێری وردی منداڵە تازە لەدایکبووەکان سەریهەڵداوە، هۆکاری رووداوەکەش بۆ تەقینەوەی کۆمپرێسەری ئامێرێکی ساردکەرەوە و پەککەوتنی سیستەمی فێنککەرەوەی بەشەکە دەگەڕێتەوە.

بەرپرسانی تەندروستی لە ئیسلامئاباد رایانگەیاند، لە کاتی رووداوەکەدا 15 منداڵ لەو بەشەدا بوون، بەڵام تیمەکانی فریاکەوتن تەنیا توانیویانە یەک منداڵ بە زیندوویی رزگار بکەن و 14 منداڵەکەی دیکە بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە لایەکی دیکەوە، نووسینگەی پارێزگای ئیسلامئاباد لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا گیانلەدەستدانی ئەو 14 منداڵەی پشتڕاستکردووەتەوە، باس لەوەش کراوە کە لە ئێستادا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و سەرقاڵی ساردکردنەوەی شوێنەکەن بۆ رێگری لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی هەر جۆرە کڵپەیەکی ئاگر.

ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆری لە میدیاکانی پاکستان بەدوای خۆیدا هێناوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە لەبارەی چۆنیەتی پەککەوتنی سیستەمی فێنککەرەوەی نەخۆشخانەکە.


AM:09:07:26/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت