ئەمریکا پێشنیارێک دەداتە ئێران؛ سزاکان لادەبرێن بەو مەرجەی گەرووی هورمز بکرێتەوە
وێستگەنیوز –
میدیا عێراقییەکان لە زاری سەرچاوەیەکی باڵاوە ناوەڕۆکی نامەیەکی نهێنی و بەپەلەی ئەمریکا بۆ ئێران ئاشکرا کرد کە لە ڕێگەی سوپای پاکستانەوە گەیەندراوەتە تاران و تیایدا پێشنیاری هەڵگرتنی گەمارۆکان کراوە.
ئەمڕۆ سێشممە 25ـی ئابی 2026، میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، مارشاڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان لە سەردانەکەیدا بۆ تاران، پێشنیارێکی واشنتۆنی خستووەتە بەردەم بەرپرسانی ئێران کە بریتین لە، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، هەڵگرتنی سزاکان بەپێی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن، لە بەرامبەردا، ئێران گەرووی هورمز بکاتەوە و هێرشی گروپە وەلائییەکان لە ناوچەکە ڕابگرێت.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن لیوا موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بە لایەنی پاکستانی ڕاگەیاندووە: تاران لە ناوخۆدا ڕاوێژ و تاوتوێی ئەم پێشنیارە دەکات و لە ئایندەیەکی نزیکدا وەڵامی فەرمی دەبێت.
هاوکات مەهدی تەباتەبائی، یاریدەدەری نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، سەردانەکەی فەرماندەی سوپای پاکستان زۆر بەرهەمدار بووە و ئەنجامە دیپلۆماسییە گرنگەکانی بەم زووانە دەردەکەون.
لەلایەکی دیکەوە، مەسعوود بزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندە پاکستانییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ئەمریکا شێوازی مامەڵەی بگۆڕێت و دەست لە لووتبەرزی و زۆرداری هەڵبگرێت، چونکە بەو شێوازە کێشەکان ئاڵۆزتر دەبن.
ئەم جموجۆڵە نوێیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن چڕکراونەتەوە.
PM:01:05:25/08/2026
ئهم بابهته 396
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت