وەزیری دەرەوەی سوریا: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەبو دۆهوور بێ پاساو بوو وەزیری بەرگری ئیسرائیل: ئەردۆغان تورکیا بەرەو سەرکێشییەکی مەترسیدار لە سوریا دەبات


وێستگەنیوز-

ئەسعەد شەيبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند کە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی ئەبو دۆهوور هیچ پاساوێکی یاسایی و سەربازی نەبووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە دیمەشق پێشتر ئیسرائیلی ئاگادار کردبووەوە کە هیچ پلانێک بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی تورکیا یان جێگیرکردنی هەمیشەیی هێزەکانی ئەو وڵاتە لەو بنکەیەدا لە ئارادا نییە.


وەزیری دەرەوەی سوریا روونیکردەوە کە بنکە ئاسمانییەکە تا رادەیەکی زۆر چۆڵ بووە و تەنها بۆ مەبەستی بەهێزکردنەوەی هێزی ئاسمانیی سوریا سەرلەنوێ بنیاد دەنرایەوە، هەرچەندە شەيبانی دانی بەوەدا نا کە ئەفسەرانی تورکیا سەردانی بنکەکەیان کردووە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەو سەردانانە تەنها لە چوارچێوەی هاوکارییەکی فراوانتری مەشق و راهێناندا بووە.

شەيبانی ئاماژەی بەوەش کرد، سوریا دەرگا بە رووی دانوستانەکاندا داناخات، بەڵام کەمکردنەوەی گرژییەکان تەنها بەرپرسیارێتی لایەنێک نییە، هەروەها وتیشی کە پێشتر رێککەوتنێکی ئەمنی بە نێوەندگیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەبووە، بەڵام ئیسرائیل لە بەڵێنەکانی پاشەکشەی کردووە.

لە بەرانبەردا، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، وڵاتەکەی بەرەو "سەرکێشییەکی مەترسیدار" لە ناو خاکی سوریا دەکێشێت، کاتز جەختی کردەوە کە ئیسرائیل رێگە بە هیچ قەوارەیەک نادات هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتەکەی بکات.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی ئەردۆغان کرد و رایگەیاند: "باشترە بۆ ئەردۆغان بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی وتاری خەیاڵی دژی ئیسرائیل لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، نەک ئەوەی تاقیکردنەوە بۆ پێداگری ئیسرائیل لە بەرگریکردن لە خۆی بکات"، ئیسرائیل دەڵێت ئەم هێرشانە بە مەبەستی رێگریکردنە لە بەهێزبوونی پێگەی سەربازی تورکیا لە ناوچەکەدا.


AM:10:09:20/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو