ترەمپ تووندترین جەنگی ئابووری دژی ئێران راگەیاند


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەورەترین و تووندترین هەڵمەتی ئابووری دژی ئێران راگەیاند و هۆشداری دا کە ئەمە دەبێتە "جەنگێکی ئابووری و گۆشەگیرییەکی بێپێشینە" کە تا ئێستا دژی هیچ وڵاتێک تاقی نەکراوەتەوە.


ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ترووس سۆشیاڵ) ئاماژەی بەوە کرد، کە هیچ کەسێک هێندەی ئەو دەرفەتی بۆ رێککەوتن نەداوە بە تاران، بەڵام ئەوان نەیانتوانی سوودی لێ وەربگرن، وتیشی: "ئەمڕۆ تووندترین پرۆسەی ئابووری رووخێنەر رادەگەیێنم، ئێستا ئێران بە تاڵە دەزوویەکەوە هەڵواسراوە، هێزی دەریایی و ئاسمانییان تێکشکێنراوە، کارگە سەربازییەکانیان بوونەتە وێرانە و دراوەکەشیان بێبڕشت بووە".

سەرۆکی ئەمریکا ئەم هەڵمەتەی ناو ناوە "رۆژی داپۆشینی ئابووری" (ECONOMIC D-DAY) و هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی هەموو وڵاتانی جیهان کرد، کە هەر دەوڵەتێک رێگە بدات دامەزراوە دارایی، بازرگانی، فڕۆکەخانە یان دەزگا حکومییەکانی ببنە "شادەمار" بۆ رزگارکردنی ئێران، ئەوا ئەو وڵاتانەش رووبەڕووی لێکەوتەی ئابووری زۆر گەورە دەبنەوە.

لە چوارچێوەی ئەم بڕیارانەدا، ترەمپ جەختی کردەوە کە دەبێت دەستبەجێ قاچاخی نەوت، گواستنەوەی پارەی نەقد، چالاکی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و کۆمپانیا رووکەشەکان (سێبەرەکان) رابگیرێن، هاوکات وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی ئابووری) هەوڵەکانی بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران دەستپێکردووە.

ئەم هەڵوێستە تووندەی واشنتۆن دوای ئەوە دێت کە دەوڵەتی ئیمارات رایگەیاند تەواوی مامەڵە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران راگرتووە، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بۆ کرانە ئامانجی ئەو وڵاتە بە 2 مووشەکی بالیستی.

جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران کە لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە، بەرەو مانگی 6ـەم هەنگاو دەنێت، بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورموز بۆ نیوە (50%) دابەزیوە، ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا دووپاتی کردەوە کە پێویستە هاوپەیمانەکانیان لە پاڵ ئەمریکا بوەستن بۆ تێکشکاندنی هەڕەشەکانی ئێران و رایگەیاند: "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".


AM:08:19:20/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو