توركیا له‌سه‌ر راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی ئیسرائیل هاته ده‌نگ
وێستگه‌نیوز –
فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا له‌سه‌ر راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی ئیسرائیل هاته ده‌نگ و رایگه‌یاند كه به‌رده‌وام ده‌بن له هاریكاری حكومه‌تی سوریا، ده‌شڵێت: "تاكه‌ڕێگای به‌رده‌وامبوونی ئاشتی له ناوچه‌كه‌دا به ده‌ستبه‌رداربوونی نه‌تانیاهۆ له سیاسه‌ته شه‌ڕانگێزییه‌كانی ده‌ست پێده‌كات".
فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "ئه‌و بانگه‌شه بێ بایه‌خانه‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی ئیسرائیله‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه، ئامانجیان ره‌وایه‌تیدانه به‌و هێرشه ئاسمانییه نایاساییانه‌ی ئیسرائیل كه سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی خاكی سوریا ده‌كه‌نه ئامانج".
فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا ده‌ڵێت: "ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی باس ده‌كرێن سه‌رچاوه‌ی نه‌تانیاهۆن بۆ به‌رده‌وامیدان به سیاسه‌ته فراوانخوازی و ناسه‌قامگیره‌كانی له ناوچه‌كه‌دا پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئیسرائیل".
له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه كه توركیا وه‌ك زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی لایه‌نگری به‌رده‌وامبوونی ئاشتییه له ناوچه‌كه‌دا و، ده‌ڵێت: "تاكه رێگای ئه‌مه‌ش به ده‌ستبه‌رداربوونی نه‌تانیاهۆ له سیاسه‌ته شه‌ڕانگێزیی و سه‌پێنه‌ره‌كانی و رێزگرتن له یاسای نێوده‌وڵه‌تیی ده‌ست پێده‌كات".
جه‌ختیش له‌وه كراوه‌ته‌وه كه "توركیا پێداگرانه به‌رده‌وام ده‌بێت له هاریكایی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سوریا بۆ هێنانه‌دی ئارامیی، سه‌قامگیریی و خۆشگوزه‌رانی له‌و وڵاته و هه‌رگیز رێگا به ناسه‌قامگیركردنی سوریا نادات".
ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه‌ی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا له وه‌ڵامی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی بنیامین نه‌تانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل دێت كه تیایدا هۆشداری دابووه حكومه‌تی سوریا سه‌باره‌ت به رێگه‌دان به جێگیربوونی هێزه‌كانی توركیا له بنكه‌یه‌كی ئاسمانی نزیك حه‌له‌ب و رایگه‌یاندبوو كه " رێگه به بوونی پێگه‌ی سه‌ربازیی توركیا له سوریا ناده‌ین".
AM:11:51:19/08/2026
ئه‌م بابه‌ته 352
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت