وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور: ترەمپ فشارمان لێدەکات دژی ئێران بوەستین
وێستگەنیوز-
بڕیارێکی نوێی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکان لەگەڵ کۆریای باشوور، لێکەوتەی جیۆپۆلیتیکی گەورەی دروست کردووە و وەک وەرچەرخانێک لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبینرێت.
جۆ هیون، وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور، ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئابی 2026 رایگەیاند، فەرمانی ترەمپ بۆ سنووردارکردنی مانۆڕەکان ئامانجی سیاسی و ئابووری لە پشتە، ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتۆن دەیەوێت سیئۆل ناچار بکات هەڵوێستێکی روونتری بەرانبەر ململانێکان لەگەڵ ئێران هەبێت و بەشداری لە جەنگی ئێراندا بکەن، هاوکات پابەندی ئەو رێککەوتنە بازرگانییە بێت کە ساڵی رابردوو واژۆ کراوە، کە تێیدا کۆریای باشوور بەڵێنی وەبەرهێنانی 350 ملیار دۆلاری لە ناوخۆی ئەمریکا داوە.
بەپێی زانیارییەکان، هەردوو وڵات رێککەوتوون لەسەر کورتکردنەوەی مانۆڕە ساڵانەییەکانی "ئۆڵچی فریدۆم شێڵد" لە 11 رۆژەوە بۆ تەنها 5 رۆژ. ترەمپ پێشتر چەندین جار رەخنەی لەم مانۆڕانە گرتبوو و بە تێچوویەکی زۆر و کارێکی "ئیستفزازی" بەرانبەر کۆریای باکوور وەسفی کردبوون. سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون هەیە و دەیەوێت فەزای دیپلۆماسی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بڕەخسێنێت.
لە بەرانبەردا، ئەم هەنگاوە نیگەرانی قووڵی لە سیئۆل دروست کردووە، بەرپرسانی کۆریای باشوور دەڵێن هیچ راوێژێکی پێشوەختەیان لەگەڵ نەکراوە و بە بڕیارەکە شۆک بوون، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێت واشنتۆن دەیەوێت پابەندییە ئەمنییەکان وەک ئامرازی فشار لە دانوستانە ئابووری و سیاسییەکاندا بەکاربهێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆریای باشوور بەهۆی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوورەوە، هێشتا پێویستی بەو 28,000 سەربازە ئەمریکییە هەیە کە لە وڵاتەکەیدا جێگیرکراون.
ئەم پێشهاتە وای کردووە سەرکردەکانی کۆریای باشوور، لەوانەش لی جای میۆنگ، جەخت لەسەر پێویستی بەهێزکردنی توانای بەرگری سەربەخۆی وڵاتەکەیان بکەنەوە. چاودێران پێیان وایە کە ترەمپ خەریکی دووبارە پێناسکردنەوەی سیستەمی هاوپەیمانییەکانی ئەمریکایە و دەیەوێت تێچووی سەربازی کەم بکاتەوە و دەستکەوتی ئابووری زیاتر بۆ وڵاتەکەی مسۆگەر بکات، تەنانەت ئەگەر ئەمە لەسەر حیسابی متمانەی مێژوویی هاوپەیمانەکانیشی بێت.
AM:10:56:19/08/2026
ئهم بابهته 388
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت