محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە شاندێکی باڵاوە دەگاتە عێراق


وێستگەنیوز -

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سبەی چوارشەممە، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی دەگاتە بەغدا، ئەوەش بە ئامانجی پتەوکردنی هاوکارییە ستراتیژییەکانی نێوان تاران و بەغدا و تاوتوێکردنی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە.


بڕیارە بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە 19ـەی ئابی 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بە گەشتێکی فەرمی بگاتە عێراق.

ئەم سەردانە بە ئامانجی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە ناوچەییەکان و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی هاوبەش بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش لە ڕۆژئاوای ئاسیا ئەنجام دەدرێت.

لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا، قالیباف لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.

تەوەرە سەرەکییەکانی دیدارەکانی بریتین لە، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان، جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنامە هاوبەشانەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراون.

ئەم سەردانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کاتێکدایە، تاران و بەغدا لە چەندین دۆسیەی ئەمنی و ئابووریدا پەیوەندییەکانیان بەرەو قۆناغێکی ستراتیژیتر بردووە و دەیانەوێت هەماهەنگییەکانیان لەسەر ئاستی باڵا توندوتۆڵتر بکەن.


AM:10:41:18/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو