ئێران: بوونی هەر جۆرە "مۆڵەتێکی 60 رۆژە" لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتۆن رەتدەکەینەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، ئاگربەستە 60 رۆژییەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا کۆتایی دێت، لەو چوارچێوەیەدا ئیسماعیل باقایی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا چەند پرسێکی هەستیاری پەیوەست بە رێککەوتنی نێوان هەردوولا و دۆخی ناوچەکەی ئاشکرا کرد.


باقایی بە توندی بوونی هەر جۆرە "مۆڵەتێکی 60 رۆژە"ی لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتۆن رەتکردەوە و رایگەیاند، "کۆماری ئیسلامی هەرگیز سیاستەکانی خۆی لە ژێر فشار، ئۆڵتیماتۆم یان کاتی دیاریکراودا رێکناخات"، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوەی لە یاداشتەکەدا هەبووە تەنها ماوەیەکی 60 رۆژە بووە بۆ گفتوگۆ لەسەر لابردنی سزاکان و پرسی ئەتۆمی، بەڵام بەهۆی پێشێلکارییە زەقەکانی ئەمریکا تەنها چەند هەفتەیەک دوای واژۆکردنی رێککەوتنی 17ی حوزەیران، گفتوگۆکان وەستان و ئەو مۆڵەتەش بایەخی نەما.

سەبارەت بە هەوڵی وڵاتان بۆ ناوبژیوانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وتی: "وڵاتانی وەک پاکستان و قەتەر لە هەوڵدان، بەڵام کێشەی سەرەکی ئێمە و ئەمریکا نەبوونی ناوبژیوان نییە، بەڵکو جۆری نیگا و لێکدانەوەی هەڵەی دەسەڵاتدارانی ئەمریکایە کە پێداگری لەسەر دووبارە تاقیکردنەوەی رێگە شکستخواردووەکانی رابردوو دەکەن".

لە پەیامێکی تونددا بۆ هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە، باقایی رایگەیاند کە پابەند نەبوونی هەندێک دراوسێ بە پرەنسیپی "دراوسێیەتی باش" جێگەی نیگەرانییە، وتیشی: "خستنەبەردەستی خاک و ئیمکانات لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا بۆ ئەمریکا و رژێمی زایۆنی بە مەبەستی دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتێکی موسڵمان، رەفتارێکی ناشیاوانەیە و راستییە مێژووییەکانی دەیەکانی 1960 و 1970 لەبیر ناباتەوە".

باقایی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێران لە رێگەی قەتەرەوە بە جدی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی 4 فڕۆکەوانی ئەرتەش دەکات لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەشداربوون؛ تا ئێستا یەکێکیان شەهید بووە و تەرمەکەی گەڕاوەتەوە، واش دادەنرێت 3 فڕۆکەوانەکەی دیکە بەدیل گیرابن.

لە کۆتاییدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە تیشکی خستە سەر داڕشتنی نەخشە رێگەی هاتوچۆی دەریایی لەگەڵ عومان و رایگەیاند، بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی لە گەرووی هورمز، پرۆسەکە کاتی زۆری خایاندووە، بەڵام ئێران بەردەوامە لە پاراستنی مافە سەروەرییەکانی لە کەنداوی فارس و دەریای عومان.


AM:11:15:17/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت