ئەکسیۆس: نێچیرڤان بارزانی بڕیاربوو میوانداری دانوستانی نهێنی ئەمریکا و ئێران بکات


وێستگەنیوز-

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکی وردی باراک راڤیددا، زانیاری نوێ لەسەر رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نێوەندگیری نێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ناوبراو تاکە کەس بووە کە متمانەی هەردوو کۆشکی سپی و سوپای پاسدارانی هەبووە.


بەپێی راپۆرتەکە، لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا دانوستانکارانی ئەمریکا گومانیان هەبوو لەوەی کە ئایا ئەو بەرپرسە ئێرانییانەی گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەن، نوێنەرایەتی سوپای پاسداران دەکەن یان نا، هەر بۆیە ئیدارەی ترەمپ بڕیار دەدات دانوستانکارە فەرمییەکان پشتگوێ بخات و راستەوخۆ پەیوەندی بە سەرکردایەتی سوپای پاسدارانەوە بکات، بۆ ئەم مەبەستەش نێچیرڤان بارزانییان وەک کەناڵێکی متمانەپێکراو هەڵبژارد.

لە دەوروبەری 10ی ئایاردا، تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا پەیوەندی بە بارزانییەوە کردووە و پێی راگەیاندووە کە ئیدارەکە (بە رەزامەندی ترەمپ و ڤانس) دەیانەوێت ئەو یارمەتیدەر بێت بۆ پەیوەندیکردن بە ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران، برێت مەکگۆرک، راوێژکاری باڵای ئەمریکا دەڵێت: "نێچیرڤان بارزانی کەسێکی پراگماتیکە و لە تاران و واشنتۆن رێزی لێ دەگیرێت، ئەو کەسەیە کە لە کاتی تەنگانەدا پەیوەندی پێوە دەکەیت".

لە 14ی ئایاردا، بەرپرسێکی سوپای پاسداران بە مۆبایلێکی نهێنییەوە گەیشتە نووسینگەی بارزانی لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی کە بە تەواوی زمانی فارسی دەزانێت، راستەوخۆ لەگەڵ فەرماندە ئەحمەد وەحیدی قسەی کردووە، وەحیدی پێی راگەیاندووە کە سوپای پاسداران پشتیوانی لە دانوستانەکان دەکات و دەیانەوێت قەیرانەکە چارەسەر بێت، بارزانی دەستبەجێ ئەنجامی گفتوگۆکەی گەیاندووەتە کۆشکی سپی.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دوای ئەم سەرکەوتنە، ئەمریکا دەیویست نێچیرڤان بارزانی میوانداری دانوستانێکی نهێنی لە نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێران بکات لە هەولێر، هەرچەندە ئێرانییەکان رەتیان نەکردەوە، بەڵام بەهۆی نیگەرانی ئەمنی و ترسیان لە هەواڵگری ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا.

بەپێی ئەکسیۆس، جەنگ و کوژرانی رێبەری باڵا، عەلی خامنەیی و چەند سەرکردەیەکی دیکە، پێگەی سوپای پاسدارانی لە ناو جومگەکانی بڕیاردانی ئێراندا بەهێزتر کردووە، لە ئێستادا، هەرچەندە قەتەر و پاکستان پەیام دەگوازنەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی دووبارە یارمەتیدەر بێت لە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.


PM:02:43:16/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت