کۆشکی سپی رونکردنەوە لەسەر لێدوانەکانی ترەمپ دەدات؛ گەروی هورمز دەکرێتە خاکی ئەمریکا؟
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا هەڕەشەی توندی لە ئێران کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی گەرووی هورمز وەک بەشێک لە خاکی ئەمریکا دەناسێنێت، هاوکات کۆشکی سپیش رایدەگەیەنێت ئەو قسانە تەنها بۆ "گاڵتەوگەپ" بووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (فۆکس نیوز) ئاماژەی بەوە کرد، گورزێکی ئابوریی زۆر بەهێز لە ئێران دەدەن و کاتەکەی گرنگ نییە کە پێش هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خول بێت یان نا، لە وتارێکیشدا لە ئەکادیمیایەکی پۆلیس لە نیویۆرک وتی: "زۆر بە زویی رایدەگەیەنم کە گەرووی هورمز بووەتە خاکی ئەمریکا، رێگەش نادەین دەوڵەتی پێشەنگی سپۆنسەری تیرۆر لە جیهاندا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
لە لایەکی دیکەوە، سکۆت بیسەنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە ئیدارەی واشنتۆن ئامادەکاری دەکات بۆ راگەیاندنی زنجیرەیەک رێوشوێنی نوێ دژی تاران لە هەفتەی داهاتوودا، کە بە وتەی ئەو "لە مێژووی گەمارۆی ئابوری وڵاتێکدا بێ وێنەیە".
لە بەرانبەر ئەم لێدوانانەدا، رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لە زاری بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، کە ترەمپ هێشتا پرسی ناساندنی گەرووی هورمزی وەک "خاکێکی ئەمریکی" لەگەڵ راوێژکارەکانیدا تاوتوێ نەکردووە، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کردووە کە لێدوانەکانی ترەمپ لە وتارەکەیدا لە ئەکادیمیایەکی پۆلیس لە نیویۆرک، تەنها بۆ "گاڵتە و رابواردن" بووە و بەو مانایە نییە کە ئیدارەی ئەمریکا پێشنیاری سیاسەتێکی فەرمی لەو جۆرە بکات.
هەر لەو وتارەدا، ترەمپ جەختی کردبووەوە کە ئێستا گەروی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە و بەندەرەکانی ئێرانیان گەمارۆ داوە، بەجۆرێک هیچ کەشتییەک ناتوانێت تێپەڕێت مەگەر بە رەزامەندی ئەوان بێت.
لە وەڵامی ئەم هەڕەشانەدا، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا رایگەیاند: "گەرووی هورمز بە ئێرانی بووە، هەیە و بە ئێرانیش دەمێنێتەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم رێڕەوە ئاوییە تەنها بە فەرمانی ئێران دەکرێتەوە یان دادەخرێت.
جێی باسە لە 28ی شوباتی رابردووەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل جەنگێکیان دژی ئێران دەستپێکردووە بە ئامانجی رێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش وایکردووە تاران چەندین جار هەڕەشەی داخستنی گەروی هورمز بکات کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە.
AM:08:51:15/08/2026
ئهم بابهته 356
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت